ڤیژن پریس
دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ماوەی 20 مانگە بە کراوەیی هێڵراوەتەوە، تائێستا هەنگاوی کرداری بۆ تەواوکردنی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان نەنراوە کە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و تەواوکردنی رێکارە دەستوریی و یاساییەکانە. لە چەند رۆژی رابردوودا لێکنزیکبوونەوە، کۆبونەوە، دیداری دوور لە چاوی کامێرا و ئاڵووگۆڕی پەیام لەنێوان یەکێتی و پارتی ئەنجامدراوە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستوویە و ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ.
چەقبەستوویی سیاسی و نەگەیشتنە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دواتر ناونان و راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی رووبەڕووی چەندین ئەگەر و سیناریۆ کردووەتەوە.
دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، داوایەکی پەرلەمانتاری کوردستان عەلی حەمەساڵحی رەتكردەوە، سەبارەت بە راگرتنی موچەی پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، كە داوای كردبوو فەرمانێکی سالاری دەربكرێت بۆ راگرتنی موچەی پەرلەمانتاران.
ئەم بڕیارەش رەنگە دەرگا لەسەر سەرجەم ئەو داواکاریی و سکاڵایانە دابخات کە لەسەر خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکراون.
ئەو لایەن و حزیانەی سکاڵاکانیان تۆمارکردووە، پێشبینیان دەکرد، هاوشێوەی بڕیارەکەی 21ـی ئایاری 2023، دادگای فیدراڵی بڕیارێکی وەها دەربکات، کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووریی ناساند و بە هۆیەوە هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستان دواى کۆتاییهاتنی تەمەنی سەرەتایی خۆی دەرکردبوون، پوچەڵکردەوە.
چۆمان محەمەد، شارەزای یاسایی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەڵێت: بڕیاری کۆتایی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و چارەنووسی مووچە و ئیمتیازاتی ئەندامانی پەرلەمان، لە چوارچێوەی داواکاریی بنەڕەتییەکەدا دەردەچێت، كە تائیستا دادبینی تێدانەكراوە و داواکەی لەلایەن هەمان پەرلەمانتارەوە پێشکەشکراوە.
لەو نوسینەدا لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، چۆمان محەمەد نووسیویەتی: ئەگەر سەرنجێک لە دوو بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی بدەین، کە پەیوەندییان بە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانەوە هەبووە، دەبینین کە هەردوو داواکارییەکە بە هۆی نەبوونی تایبەتمەندی دادگای فیدراڵی رەتکرانەوە، كە لەلایەن نەوەی نوێ و كۆمەڵی دادگەریی تۆماركرابون. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم داواکارییەش وەک ئەو دوو داواکارییەی پێشوو رەتدەکرێتەوە؟ یان ئەم جارە "سوپرایز"ێکیان بۆ ئامادە کردووە و دەیانەوێت دۆخی سیاسی و دەستووریی هەرێم لەم چەقبەستووەی ئێستادا بشکێنن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان؟.
هاوکێشەی یەکێتی+ پارتی
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەستاوە، هەرچەندە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، کۆبونەوە و دانوستانیان دەستپێکرد و لیژنەی هاوبەشیان پێکهێنا بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام دواتر سەرجەم دانوستان و کۆبوونەوەکانیان لەسەر ئەو پرسە راگرت.
رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ لەژێر ناوی هاوپەیمانیی "هاوسەنگی و بوژاندنەوە" لە 2ـی تەمموزی 2026، ئەوەندەی دیکە دانوستانەکانی پەکخست، ئەو هاوپەیمانییە دەیەوێت وەک یەک پاکێج دانوستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن کە ژمارەی کورسییەکانیان یەکسانە بە 38 کورسی بەرامبەر 39 کورسی پارتی، بەڵام پارتی سوورە لەسەر ئەوەی بە تەنها لەگەڵ یەکێتی دانووستان بکات.
لە نوێترین لێدوانی فەرمی و لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیدا، زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دیدگای جیاوازمان هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە یەک ئامانجی هاوبەشمان هەبێت کە پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئەو ئامانجەمان هەبوو ناکۆکییەکان بەلاوە دەنرێت، چونکە ئەزموونی کاری پێکەوەیی و گرفتیشمان هەیە کە چارەسەر بوون، ئەم دۆخانەش تێدەپەڕن.
پێشر، لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند: پارتی رایگەیاندووە ئامادە نییە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەی یەکێتی و نەوەی نوێدا کۆببێتەوە کە یەکێتی پێکیهێناوە، بەڵکو دەیەوێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ تەنها لەگەڵ یەکێتیی دابنیشێت. یەکێتییش ئەوە رەتدەکاتەوە.
جەختی کردەوە؛ یەکێتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت بە مافی رەوای خۆی دەزانێت، لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، ئەو پرسەش بۆ لیژنەکانی دانوستانکار و سەرکردایەتیی حزب جێهێڵراوە.
هاکات دوای سەردانی مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیانەوە، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: نیەتی باش هەیە و درگاکان لە نێوان ئێمە و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دانەخراوە، راستە دانیشتن نەکراوە، مانای ئەوە نییە گفتوگۆ نەکراوە. ئەگەر گفتوگۆکان ئیجابی نەبووبن دەبوو دەرگاکان دابخرایە، هەفتانە هێڵی پەیوەندی و گفتوگۆ هەیە لەنێوان هەردوولادا.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ووتی: "تۆپەکەمان فڕێداوەتە قاچی لایەنە سیاسییەکان و توومانە با لە پەرلەمانی کوردستان کێشەکان چارەسەر بکەین، یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمان ئەوەیە متمانە بداتە کابینەی نوێ، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی ئێمە دانییە".
پەیامی نوێی پارتی بۆ یەکێتی
بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، رۆژی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی کردووە و پەیامی نوێ و دەستپێشخەریی پێ بووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، پێشتریش پشتیوان سادق بۆ هەمان مەبەست سەردانی بافڵ تاڵەبانی كردووە.
پارتی و نەوەی نوێ
لە چەندین لێدوانی پێشوویاندا و بەتایبەتی دوای رێککەوتن و هاوپەیمانییان لەگەڵ یەکێتی، بەرپرسانی نەوەی نوێ داوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانییان کردووە و سوورن لەسەر داواکەیان.
هیمداد شاهین، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە وەڵامی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: دوای هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، تائێستا پارتی 46 جار پەیوەندیی بە نەوەی نوێوە کردووە تا لەگەڵیاندا دابنیشین، 18جار سەردانیان کردوین، لە سەرجەمیاندا ئێمە یەک شتمان پێوتوون، ناکرێت مەسروور بارزانیی سەرۆکی حکومەت بێت، ئێمە داوای پۆستی سەرۆک وەزیرانمان کردووە.
ئاشکرای کردووە: دوو هەفتە پێش ئێستا پشتیوان سادق پەیوەندیی کردووە کە لەگەڵ نەوەی نوێدا دابنیشن، رەتمانکردووەتەوە کە بە بێ یەکێتیی هیچ دانیشتنێک بکرێت، چونکە هاوپەیمانێتییەک هەیە و دەبێت هاوپەیمانێتییەکە دابنیشێت.
لێدوانەکەی نەوەی نوێ لە کاردانەوەی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی عەلی حسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی- هەڵەبجە- ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان هات و تیایدا ئاشکرا کرد: "مانگی نۆی ساڵى رابردوو نهوهى نوێ، پهیوهندییان بهخودى خۆمهوه كردو وتیان ئێمه حازرین به سهرجهم كورسیهكانى خۆمانهوه بێینه پاڵ پارتى و بهبێ یهكێتیى حكومهت دروستبكهین، بەڵام ئێمە رەتمانکردەوە و ئاماده نهبوین به كورسیهكانى خۆمان و نهوهى نوێ و دۆستهكانمان 50+1 دژى یهكێتیى دروستبكهین".
بەرپرسە باڵاکەی پارتی رایگەیاند: لهچهند رۆژى رابردودا پارتى و یهكێتیى كۆبوزنهوهیان كردووه و كۆبوونهوهكان ئهرێنى بوون، ههر لهم ههفتهیهشدا كۆبوونهوهیهكى دیكهى گرنگیان دهبێت، ههموو ئاماژهكان ئهرێنین و روو لهوهن پهرلهمان كارابكرێتهوه و بهرهو پێكهێنانى كابینهى نوێى حكومهتى ههرێم ههنگاوبنێین.
سیناریۆکانی کارابوونەوەی پەرلەمان
دوای خوێندنەوەی سەرجەم لێدوانەکان و هەنگاوەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، ژمارەیەک سیناریۆ و هەنگاو هەیە بۆ پرۆسەکە لەوانە:
یەکەم: رێککەوتنی گشتگیر
پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتنێک، لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم. لەم حاڵەتەدا، دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان تەواو دەکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی ههڵدهبژێردرێن و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت لە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە، سەرۆکی هەرێمیش، سەرۆک وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
دووەم: کۆکردنەوەی دەنگی 50+1
لە حاڵەتی دواکەوتنی زیاتری رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن هەوڵی دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی (50+1) بدات بە کۆکردنەوەی دەنگی 12 پەرلەمانتاری لایەنەکانی دیکە یان پێکهاتەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و راسپاردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و جێهێشتنی پشکی یەکێتی، یان ژمارەیەک کورسی وەزارەت بە بەتاڵی تا گەیشتن بە رێککەوتن. تائێستا ئەم سیناریۆیە چەند جارێکی باسکراوە، بەڵام جێبەجێنەکراوە.
سێیەم: بەردەوامیی حکومەت تا هەڵبژاردنی داهاتوو
یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان، بەردەوامی ئەم دۆخەیە وەکخۆی و بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کارەکانی و کۆنەبوونەوەی پەرلەمان، تا نزیکبوونەوەی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئەمەیان سیناریۆیەکی دوورە و دۆخەکە بەمشێوەیەی خۆی تا دوو ساڵی دیکە دەهێڵێتەوە.
چوارەم: هەڵبژاردنی پێشوەختە
لە حاڵەتی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یان رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم خولەی پەرلەمان، داواکاریی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، یان بڕیارێکی ئەنجومەنی شورا و دەسەڵاتی دادوەریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشووەختە بەر لە وادەی خۆی، کە ساڵی ٢٠٢٨ تەمەنی ئەم خولە کۆتایی دێت. یەکێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان.
ئەگەرە نزیکەکان
سەرەڕای ئەو سیناریۆیانە، چەندین ئەگەری دیکەش لە رۆژەڤدایە، بۆ کۆتاییهێنانی بە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان.
دانا دارا، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەگەرەکانەوە بە ڤیژن پرێسی راگەیاند: لە بەردەم چەند ئەگەرێکداین، لەوانە بڕیارێکی دەرەکی دروست بێت و بەسەر هەرێمی کوردستاندا بیسەپێنرێت، وەک بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدراڵی، یان لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت یەکیتی و پارتی سازش بکەن و بە زوویی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، چونکە کلیلی دامەزراوەکەیە.
یەکێک لە ئەگەرەکانی دیکە بە بۆچوونی راوێژکارەکەی پەرلەمان ئەوەیە: چەقبەستویی سیاسی درێژە بکێشێت تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، کە لە ئێستادا دامەزراوەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە تەنها دامەزراوەی یاسادانان پەکی نەکەوتووە، بەشی هەرەزۆری حکومەتیش پەکی کەوتووە، ئەنجومەنی دادوەرییش کێشەی هەیە کۆی دامەزراوەکان توشی ئیفلیجی بوون.
سەبارەت بە بەردەوامیی کابینەی ئێستا حکومەت تا هەڵبژاردنی داهاتوو، دانا دارا دەڵێت: هەردوو لایەنە سەرەکییەکە کە دۆخەکەیان ئیفلیجکردووە ئارەزویان نییە پرسەکە درێژبێتەوە، بە تایبەتی لایەنێکیان کە براوەیە و پێیوایە پێکهێنانی کابینەی حکومەت لای ئەو دەبێت، بۆ ئەوەش پیویستی بە شەرعیەتی پەرلەمانیی هەیە.
راوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک ئەگەری مەترسیدارین کێ هەڵبژاردنی خولی داهاتوو بەڕێوەببات؟ ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو وەک ئێستا بوون چی دەکرێت؟ ئەگەرەکان خراپ و خراپترن.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
رۆژانی 18 و 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی کرا، ھەڵبژاردنەکە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجامدرا و ھەرێمی کوردستان بەسەر 4 بازنەی ھەڵبژاردن (سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە) دابەشکرا. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 111بۆ 100 ئەندام کەمکرایەوە.
رۆژی 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند، ژمارەی کورسیی بەدەستهاتووی لایەنەکان بەمشێوەیە بوو: پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 7 کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی، گۆڕان 1 کورسی، لەگەڵ 5 کورسی پێکهاتەکان.
دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان
دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، دانیشتنی یهكهمى خولی ههڵبژاردنی شهشهمی پهرلهمانى كوردستان بهڕێوهچوو.
دوای تهواوبوونی ڕێوڕهسمی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی هەڵبژێردراو، سهرۆكی بەتەمەنی دانیشتنهكه دهرگای خۆپاڵاوتنى بۆ پۆستهكانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان (سهرۆك، جێگرى سهرۆك و سكرتێری پهرلهمان) كردهوه، بهر له ئهنجامدانى رێكاره یاساییهكانی پرۆسهی ههڵبژاردن بۆ دهستهی سهرۆكایهتی، بههۆی ئامادهنهبوونی رێژهی یاسایی ئهندامانی پهرلهمان لهناو هۆڵى دانیشتن، دانیشتنهكه بۆ كاتێكی نادیار ههڵگیرا.