ڤیژن پرێس

نامۆ فازیڵ، پاڵەوان و شەڕکەری بەناوبانگی کورد، نەیتوانی بەسەر رکابەرە بەهێزە بەڕازیلییەکەی سەربکەوێت و خۆی بگەیەنێتە پاڵەوانێتی جیهانی (UFC)، نامۆ بەڵێن دەدات 10 هێندەی جارانی بەهێزتر بگەڕێتەوە و سەرکەوتنی نوێ بنوسێتەوە و سەری کورد بەرز بکاتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، هۆڵی مێتا فێکس لە ناوچەی نێڤادای لاس فێگاس، بووە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی کێبڕکێیەکی بەهێزی نێوان نامۆ فازیڵ، پاڵەوانی کورد و کایک بریتۆی بەرازیلی، بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتی (UFC)ـی جیهانی، بەڵام بەخت یاوەری نامۆی پاڵەوانی کورد نەبوو لە یارییەکە ناکئاوت کرا و رێگاکەی بۆ گەیشتن بە سەر گۆڕەپأنێکی گەورەی جیهانیی، سەخت بوو.

نامۆ؛ هەمیشە بە ئاڵای کوردستان و گۆرانی "کینە ئەم، کوردین ئەم" و "من کوردم و کوردستانیم" دەچێتە سەر گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەکان، بە ریکۆردی 10 بردنەوە و یەک دۆڕان، لە زنجیرەی ئیڤنتی بەناوبانگی پاڵێوراوەکانی دانا وایت کۆندێنتەر سریەیس، رووبەڕووی کایک بریتۆی بەرازیلی بووەوه‌ کە خاوەنی 19 بردنەوە و 6 دۆڕانە.

شەڕەکەی نامۆ و بریتۆ، لە گرنگرترین رکابەرەکانی ئەو یارییە بوو، شەڕەکە دەوازەیەک بوو بۆ پاڵەوانێتی (UFC)، هەر یاریزانێک سەربکەوێت، گرێبەستی ئەو پاڵەوانێتییە دەباتەوە کە ئاستێکی هەرە بەرزی هونەرەکانی شەڕکردنی هەیە لەسەر ئاستی جیهان.

دوای ناساندنی پاڵەوانەکان، پشتیوانانی نامۆ بە یەک دەنگ دەیانوت: "کینە ئەم، کوردن ئەم" دوای 15 خولەک لە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان، لە راوندی سێیەم بە لێدانێکی کوشندە، بریتۆی بەرازیلی یارییەکەی بردەوە.

ئامانجی سەرەکیی نامۆ فازیڵ لە بەشدارییکردنی لە زنجیرە رکابەرییەکانی دەینا وایت (DWCS) ئەوە بوو ببێتە یەکەم یاریزانی کورد بە فەرمی بچێتە نێو (UFC) لە وێڵتەروایت (Welterweight) لەکێشی 77 کیلۆگرام لە هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان.

ئاڵاکەی نامۆ

بەهۆی ئەوەی نەیتوانیبوو ئاڵای کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی لە راگەیەندراوەکان بەکاربهێنێت، نامۆ بڕیاریدا ئاڵای هیچ وڵاتێکی دیکە بەکارنەهێنێت، لە کاتێکدا دەیتوانی بە ئاڵای عێراق، ئەمریکا یان فینلەندا بەشداریی بکات، وەک خۆی دەڵێت: "یان ئاڵای کوردستان، یان هیچ ئاڵایەک دانانێم".

نامۆیەکی بەهێزتر دەگەڕێتەوە

دوای یارییەکە، نامۆ فازیڵ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ووتی:"من لەو کەسە شەرمنانە نیم خۆم بشارمەوە و هیچ نەڵێم، من شەڕکەرم و وەک هەر پیاوێکی راستەقینە رووبەڕووی ئەمە دەبینەوە، ئەمشەو شەوی من نەبوو، کێشەیەکم هەبوو، دانی پێدا دەنێم و قبووڵی دەکەم، پیرۆزبایی لە رکابەرەکەم دەکەم، ئەمشەو لە من باشتر بوو."

نامۆ بەڵێنی بە پشتیوانیانی دا ووتی: "بەڵێن دەدەم، کاتێک دەگەڕێمەوە 10 هێندە باشتر و بەهێزتر دەمبیننەوە، بەمزوانە دەبینن دەگەڕێمەوە، ئەمە شتێکی بچووک بوو روویدا، ڤێرژنێکی باشترم دەبیننەوە".

شیکەرەوە و شارەزایانی وەرزش دڵنیایی دەدەن: نامۆی بەهێز دەرفەتی زۆری ماوە، بۆ قەرەبووکردنەوە، شکستەکەی ئەزموونکردنە بۆ فێربوون و دۆزینەوەی خاڵی لاوازی، لە یارییەکانی داهاتوو هەڵەکانی راست دەکاتەوە و بەهێزتر دەگەڕێتەوە و بەهێزتر هەڵدەستێتەوە.

بەڵێنەکەی نامۆ

پێش بەڕێوەچوونی یارییەکە، نامۆ لە پەیامێکی کورتی ڤیدیۆییدا، بە دڵێکی پڕ و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، باسی لەوەکرد زۆر دڵخۆشە بەو پشتگیرییەی کە گەنجێکی زۆر پشتیوانین و بەو شەوە ناخەون.

ووتیشی: "ئەو پشتیوانییە وەسف ناکرێت، سوپاس بۆ نامە و دوعاکانتان".

لەبارەی شەڕەکان و ووتە ناشرینەکان و قسە تووندەکانییەوە دەڵێت: دەم هەرا و شەڕانیم، داخی ئەوەیە لێمان دەدرێت و سوکایەتی بە نەتەوەکەم دەکرێت، ناهەقی زۆرمان بەرامبەر کراوە، ئەمانە لە ناخم ماوەتەوە، کورد کوردە، عەرەب و فارس و تورک نییە، دڵنیا بن، سەرتان بەرز دەکەمەوە.

چیرۆکی نامۆ

چیرۆکی نامۆی پاڵەوان جیاوازە، بەوتەی خۆی پێشتر هیچ پشتگیرییەکەی نەبووە، کەسێکی زۆر شکاو و لێدراو بووە، لە رووی هەست و جەستەوە، لە رووی رۆحییەوە "زۆر لە دیوارێک بدەیت، دیوارەکەش دێتە وەڵام، بۆیە دەڵێم لێیدە هەتا پێت دەکرێت." بەڵام ئێستا دڵخۆشە بەو هەموو پشتگیرییەی کوردان لێی دەکرێت.

سەرکەوتنەکانی نامۆ

پێش شەڕەکەی بەرامبەر رکابەرە بەهێزە بەرازیلییەکەی، لە 16ـی ئایاری 2026، لە پاڵەوانییەتییەکی گەورەی(MMA) لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە تۆڕی جیهانیی نێتفلیکس گوازرایەوە، توانی لە گەڕی دووەم و لە رێگەی تەکنیكی  ئاناکۆندا چۆک (Anaconda Choke) جەیک بابیان رکابەرە ئەمریکییەکەی ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات و حەوت یاریی بەدوای یەکدا کەس نەتوانێت بیبەزێنێت.

پێش ئەو یارییەش، نامۆ فازیڵ لە راوندی سێیەمی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان توانی بەسەر یاقوب سولیمانۆڤی چیچانی سەربکەوێت.

پشتیوانی کوردان بۆ نامۆ

نامۆ لە چاوپێکەوتنێکی پێشووتریدا لەگەڵ پێگەی فەرمی(DWCS)دەڵێت: من نامۆ فازیڵم، نەوەکەی سەڵاحەدین. بژی کورد و کوردستان (UFC) من وا بۆت دێم و دەستت بەسەردا دەگرم. خەڵکەکەم، نەتەوەکەم و خێزانەکەم پاڵنەر و هاندەری منن بۆ یارییەکە، من دەبێت بۆ خەڵکەکەم، نەتەوەکەم، خێزانەکەم و بۆ خودی خۆشم شەڕ بکەم.

جگە لە پشتیوانیی گەنجان و هاندەرانی وەرزش، لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کورد پشتیوانیی نامۆ دەکرێت و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن زۆربەی بەرپرسانی باڵاوە پێشوازیی لێکرا و لە کاتی سەرکەوتنەکانیشدا پیرۆزبایی لێدەکرێت و پەیامی پشتیوانی و پیرۆزبایی بۆ دەنێردرێت.

نامۆ کێیە؟

نامۆ سەیف فازیڵ، لە 29ـی ئۆکتۆبەری 1996 لەدایکبووە، باڵای 183 سانتیمەترە، کێشی 77 کیلۆیە، لە ریزبەندیی یاریزانانی هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان (MMA) لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلەی 160ـی گرتووە، لە چوارچێوەی ڕكابەرییەكانی پاڵاوتنی فیدراسیۆنی (UFC) كە بەرزترین فیدراسیۆنی جیهانیی هونەرە جەنگییەكانە، لە كۆی 12 یاری، تەنیا لە 2 یاریدا دووچاری شكست هاتووە.

لەدایكبووی وڵاتی فینلاندە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە، بەڵام لە سەرجەم دەركەوتنە وەرزشییەكانیدا بە ناو و ئاڵای كوردستانەوە خۆی دەناسێنێت، هەرچەندە ئەوكارەی پێچەوانەی مەرج و ڕێنماییەكانی فیدراسیۆنە وەرزشییە باوەڕپێكراوەكانی جیهانە كە تەنیا رێگە بە بەرزكردنەوەی ئاڵای وڵاتە دانپێدانراوەكاندا دەدرێت.

نامۆ لەوبارەیەوە دەڵێت: هێز و تواناكەم هی خۆم نییە و هی كوردە. ئەو بەردەوام بە وتنەوەی دروشمی "بژی كورد، بژی كوردستان" دەردەكەوێت و بە "نەوەی سەڵاحەددین" ناو و ناوبانگی دەركردووە.