ڤیژن پرێس
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە سەردانێکی لەناکاو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە سیاسی و ئابوری و ئاینییەکان و لە سەروی هەموویانەوە چەکدانانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەی و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران، لە قۆناغێکی ئاڵۆزی ناوچەکە و بەردەوامیی ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ئێران، گەیشتە عێراق و لەماوەی سێ رۆژدا چاوی بە زۆرینەی بەرپرسانی وڵاتەکە کەوت.
پەیامی سەردانەکە
سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک، پرسی نێوەندگیریی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردوو وڵاتەکە و پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لە هەولێر، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئاماژەی سیاسی و سهربازيى لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو.
دۆستایەتی ئێران و دژایەتی ئەمریکا
لەگەڵ گەیشتنی بە بەغدا، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەردانی شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی کرد، کە شەش ساڵ لەمەوبەر بوونە ئامانجی هێرشێکی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، داوای خێراکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکەی کرد بەبێ بوونی هیچ دەستوەردانێکی وڵاتانی بیانی، وەک ئەمریکا و ئیسرائیل.
ووتیشی: "ئێرە سیمبوڵی رووبەڕووبوونەوەی دوژمنێکی ناڕەوایە کە ناتوانێت رووبەڕووی بەرەی بەرگری ببێتەوە، پەیوەندی ئێران و عێراق مێژوویی و ریشەییە و چارەنوسی هاوبەشیان هەیە پێکەوە".
پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ستایشی گروپە چەکدارەکانی عێراقی کرد و رایگەیاند: بەرەی بەرگری لە عێراق یەکێکە لە کۆڵەکەکانی هێزی ئەم وڵاتە و هێزێکی بەرگریی جیهانییە.
ئەو پەیامە لە کاتێکدایە، لە دوای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەموو هەوڵێکی چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و داماڵینی چەک لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کۆتایی مانگی داهاتووی وەک دوا وادە داناوە، ئەمەریکاش پشتیوانیی لەو هەنگاوەی زەیدی دەکات.
لایەنی سیاسی و ئابووری سەردانەکە
بە بۆچوونی شیکەرەوە و چاودێران، سەردانەکەی قالیباف لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە رووبەڕووی دوو ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، واشنتۆن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا چڕ کردووەتەوە، بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئێرانییش پشتیوانی ئەو گروپانە دەکات، ئەوەش عێراقی خستووەتە بەرداشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران.
ئاڵنگاریی دووەم، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، حکومەتی عێراقی رووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابوریی کردووەتەوە، هەناردەکردنی نەوت زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، کاریگەریی لەسەر داهاتی نەوتی عێراق درووست کردووە، کە سەرچاوەی سەرەکی داهات و بوودجەکەیەتی.
چی لە پشت سەردانەکەوەیە
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە، لە رووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و کەمکردنەوەی گرژییەکان و هاوکارییە ئابوورییەکان.
بەهێزکردنی پەیوەندییەکان
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئاسیا (ANI)، تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی عێراق و ئێران، ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەشێکن لە کارنامەی سەردانەکە.
هاریکاری ئابووریی
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیەوە بڵاوی کردەوە، قالیباف لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، جەختی لەسەر پێویستیی هاریکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردوەتەوە، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی، کە مەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و دوورکەوتنەوەیە لە بەرەی ئەو وڵاتانە.
کەمکردنەوەی گرژییەکان
بەپێی زانیارییەکانی سایتی زە ناشناڵ، سەردانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ عێراق و بەتایبەتی قالیباف، لە کاتێکی هەستیاردا دێت، کە گرژییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان لەسەر پرسی چەکدانان پێش وادەی 30ـی ئەیلوول زیادی کردووە، ئەمەش بەرژەوەندی و هەژموونەکانی ئێران لە ناوچەکە رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.
دیدار و کۆبوونەوەکان
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، قالیباف لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبوەوە، لەوانە، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. پرسی لە پێشینەی کۆبوونەوەکان پرسی چەکدانانی گروپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنی چەکە لەدەستی دەوڵەتدا.
کۆبونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە یەیەکێک لە گرنگترین دیدارەکانی قالیباف دادەنرێت لەم سەردانەیەدا و تێدا گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جێبەجێکردنی رێککەوتنە هاوبەشەکان دەکرێت.
کۆبونەوە لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە هەر ئەویش بانگهێشتی قالیبافی کردبوو، بۆ گفتووگۆکردن بوو سەر ئەو یاسایانەی کە پاڵپشتی لە تێپەڕاندنی یاساکانی پەیوەست بە رێککەوتنە دوو قۆڵییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن.
هەرێمی کوردستان
بەپێی زانیارییەکان لە سەردانەکەدا دۆسیەی هەرێمی کوردستان لە دوو گۆشەی جیاوازەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە، یەکەمیان هێرشانەی لە ماوەی رابردوودا کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە دواترینیان کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن.
جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدا کە بە بەشداریی نوێنەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، تایبەت بە دوورخستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان و رادەستکردنی پێگە و بارەگاکانیان بە هێزە عێراقییەکان، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی قالیباف بوو.
لێکەوتەی روداوەکەی هەولێر
سەرەڕای ئەوەی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، رەتیکردەوە سەردانەکەی قالیباف راستەوخۆ پەیوەندی بە هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دانی بەوەدانا بارودۆخی ناوچەکە گرنگییەکی زۆری هەبوو لە کارنامەی سەردان و گفتوگۆکانی قالیباف.
بۆچی قالیباف؟
مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئێران رایگەیاند: سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت بووە، بە پشتبەستن بە راستییە مەیدانییەکان و بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
حوسێن پاک، توێژەری ئێرانی لەبارەی سەردانەکەوە، بە کەناڵی جزیرەی قەتەریی راگەیاندووە: دابەشکردنی رۆڵەکان لە ناوخۆی ئێراندا کراوە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە هەرێمییەکان و ئەو پرسانەی کاریگەرییان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی وڵاتەکەوە هەیە.
مەرجەعی بەرپرسانی عێراق
توێژەرەکە دەڵێت: قالیباف لە سەرەتای جەنگەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ تێکەڵی دۆسیەی عێراق بووە، بووەتە مەرجەعێک کە بەرپرسانی عێراقی دەگەڕێنەوە بۆ لای، کاتێک دەیانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئاستە باڵا سیاسییەکانی تاراندا بکەن.
ئاماژەی بەوەکرد، قالیباف یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی کە راوێژی پێکراوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی عەلی زەیدی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق و ئامادەیی ئەو لە دۆسیە ناوچەییەکاندا لە ماوەی جەنگەکە و ئەو پەیوەندی و سەردانانەی بەدواییدا هاتن، فراوانتر بووە.
سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکە بۆ بەغدا، توێژەرەکە ئاشکرای کردووە، قالیباف لە ئێستادا رۆڵی هەماهەنگکار و کەسایەتیی سەرەکی بۆ پەیوەندیی نێوان سوپای پاسداران و بەرپرسە سیاسییەکانی ئێران دەگێڕێت، ئەمەش پێگەیەکی تایبەتی پێدەبەخشێت لەو دۆسیانەی کە سیاسەتی دەرەوە و رەهەندە سەربازی و ئەمنییەکان تێیاندا یەکدەگرنەوە.
زەیدی و گرووپە چەکدارەکان
سەردانەکەی قالبیاف بەهۆی ئەو کێشانەی نێوان عەلی زەیدی و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەوەیە، بەتایبەت دوای رەتکردنەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت. کە پێدەچێت بەربەست بخاتە بەردەم پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
رەهەندە رەمزی و ئاینییەکان
سەردانەکە تەنها لایەنی سیاسی و کۆبوونەوەی فەرمی نەگرتەوە، بەڵکو خشتەیەکی لەخۆگرتبوو کە گوزارشت لە دیپلۆماسیی مەیدانی و ئاینی دەکات، بەشداریکردنی قالیباف لە رێوڕەسمی چلەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە کەربەلا، پەیامی قووڵی بۆ ناوخۆی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانەکانی لە عێراق لەخۆدەگرێت.
سەردانی نەجەف و چوونە سەر گۆڕی ئەبو مەهدی موهەندیس و ئەنجامدانی چەند دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی عەتەبەی عەلەوی، وێستگەی کۆتایی سەردانەکەی قالیبافە، هەڵگری ئاماژەی گەورەی دیپلۆماسی و ئاینی و سیاسییە.