نووسین: شنۆ هیرانی
یاسای «چوارچێوە» کە لە چوارچێوەی پرۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر» و بە ناوی "یاسای بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" ناسراوە، تەنها دەستپێشخەرییەکی یاسایی نییە؛ بەڵکو دەتوانرێت وەک یەکێک لە گرنگترین خاڵە سیاسییەکانی گۆڕانی هاوکێشەی ناوخۆی تورکیا لێکبدرێتەوە.
بێ ئەوەی بچینە ناو وردەکاریی ماددەکانی یاساکە، تەنها سەیرکردنی شێوازی پەسەندکردن و جۆری دەنگدانەکە، بۆ ئەوەمان دەبات کە ئەم پرۆسەیە لە ئاستێکی فراوانتر لە پرۆسەیەکی حکومیی ئاساییە.
یاساکە لە پەرلەمانی تورکیا بە467 دەنگی بەڵێ، 87دەنگی نەخێر و 7دەنگی بێلایەن پەسەند کراوە. ئەم ڕێژەیە نیشانەی پشتگیرییەکی فراوانی پەرلەمانییە، بەڵام نابێت لە لێکدانەوەی سیاسییەکەدا بە مانای دروستبوونی هاوپەیمانییەکی نوێی فەرمی لەنێوان هەموو ئەو لایەنە سیاسییە بگیرێت کە دەنگیان بە یاساکە داوە.
لە یاسای چوارچێوەوە بۆ دەستوور
لە دەستووری تورکیادا، بۆ گۆڕینی دەستوور 360 دەنگ پێویستە بۆ پەسەندکردنی پێشنیازەکە، بەڵام ئەگەر دەنگەکان لە نێوان 360 و 399 بن، گۆڕانکارییە دەستوورییەکە دەچێتە بەر پرسیاری گشتی. تەنها کاتێک کە گۆڕانکارییە دەستوورییەکە 400 دەنگ یان زیاتر پەسەند بکرێت، لە بنەڕەتدا دەکرێت بێ گەڕانەوە بۆ ڕیفراندۆم بڵاوبکرێتەوە؛ بەپێی هەڵوێستی سەرۆک کۆمار و میکانیزمی یاساییی پەیوەندیدار.
بۆیە ئەوەی لێرەدا گرنگە، نەک ئەوەی یاسای چوارچێوە خۆی دەستوور دەگۆڕێت، بەڵکو ئەوەیە کە هاوکێشەی دەنگدان لە پەرلەمانی تورکیا نزیک بووەتەوە لە ئاستێک کە دەکرێت لە داهاتوودا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هەر پرۆژەیەکی گۆڕانکاریی دەستووری هەبێت.
لە دۆخی ئێستای پەرلەماندا،AKP ـی ئەردۆغان 277 کورسی،MHP ــی باهچەلی 46 کورسی وDEM Parti ـی 56 کورسییان هەیە؛ کۆی ئەم سێ لایەنە دەگاتە 379 کورسی، ئەگەر 44 کورسی CHP بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵیان دەنگ بدەن، ژمارەکە دەگاتە423 کورسی؛ واتە لە ئاستی 400 دەنگ تێدەپەڕێت.
ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەڵگەی دروستبوونی جەمسەرێکی سیاسیی فەرمی لەنێوان AKP، MHP،DEM و CHP نییە. ئەوە تەنها ئەگەری ماتماتیکی و سیاسییە کە دەنگدانەکانی پەرلەمان دەتوانن لە داهاتوودا دەرفەتی بۆ درووست بکەن.
جەمسەرە نوێیەکە لە کوێوە دێت؟
گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ لە نەخشەی سیاسیی تورکیا ئەوەیە کە CHP لە پەرلەماندا بە شێوەیەکی زۆر گەورە دابەش بووە وYeni Parti بە سەرکردایەتی ئۆزگور ئۆزەل بووەتە یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی پەرلەمان.
بەپێی داتا نوێیەکانی پەرلەمان، Yeni Parti 91 کورسی و CHP تەنیا 44 کورسی هەیە. بەوەش نەخشەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە تەواوی گۆڕاوە CHPکە ساڵانێک بوو سەرەکیترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بوو، لە ڕووی ژمارەی کورسییەکانەوە ئەو پێگەیەی لەدەستداوە.
ئەم دابەشبوونە تەنیا دابەشبوونی ناوخۆیی یەک پارت نییە؛ بەڵکو نەخشەی هاوکێشە سیاسییەکانی تورکیای لە بنەڕەتدا گۆڕیوە.
ئەگەر لە داهاتوودا Yeni Parti بتوانێت ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران و جەماوەرەکەی CHP ـی کۆن ڕابکێشێت، ئەوا هەموو هاوکێشەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو دەگۆڕێت. لە بەرامبەردا، ئەگەر CHP بتوانێت بە سەرکردایەتی کەمال کڵجدار ئۆغڵو خۆی لە نەخشەی سیاسیی نوێدا دووبارە ڕێکبخاتەوە، ئەوا ئۆپۆزسیۆن بۆ دوو هێزی سەرەکی دابەش دەبێت.
ئەمەش لە کۆتاییدا دەتوانێت سوودی سیاسی بۆ ئەردۆغان هەبێت؛ چونکە دابەشبوونی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت ڕێگریی لە دروستبوونی جەمسەرێکی یەکگرتووی دژ بە حکومەت بکات.
DEM؛ لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ هێزێکی ناو پرۆسەکە
لێرەدا ڕۆڵی DEM Parti زۆر گرنگە، بەشداریی DEM لە پرۆسەی یاسایی و دەنگدانی یاسای چوارچێوە، بە مانای ئەوە نییە ئەم پارتە بووەتە هاوپەیمانیAKP یان MHP، بەڵام لە ئاستێکی ستراتیژییەوە،DEM توانای ئەوەی هەیە ببێتە کلیلێک بۆ دۆزینەوەی زۆرینەی پەرلەمانی لە هەر پرۆژەیەکی گرنگدا.
ئەمەش یەکێکە لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکانی نەخشەی سیاسیی نوێی تورکیا: پارتێک کە لە سیستەمی کۆندا زۆرجار لە دەرەوەی جەمسەرە سەرەکییەکان دادەنرا، ئێستا دەتوانێت لە هەندێک بڕیاری ستراتیژیدا ببێتە هێزی دیاریکەر.
قازانجی سیاسی بۆ کێیە؟
ئەگەر یاسای چوارچێوە بە پێوەری قازانج و زیان بخوێندرێتەوە، پرۆسەکە چەندین لایەنی هەیە.
بۆ حکومەت، یاساکە دەستپێکە بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر». بۆ DEM، دەرفەتێکە بۆ بردنەوەی پرسی کورد لە ئاستی ئاسایشی و سەربازییەوە بۆ ئاستی پەرلەمانیی و یاسایی. بۆ CHP و Yeni Partiـیش، پرۆسەکە هەموو کاتێک تێکەڵەیەکە لە نێوان پشتگیریی لە هەنگاوە دیموکراتیکەکان و پاراستنی ناسنامەی ئۆپۆزسیۆن.
لە ڕاستیدا، ئەوەی بۆ ئۆپۆزسیۆن زۆر گرنگە ئەوەیە کە نە بە تەواوی لە دەرەوەی پرۆسەکە بمێنێتەوە و نە بە تەواوی بچێتە ناو جەمسەری حکومەت.
ئەم هاوسەنگییە بە تایبەتی بۆ CHP و Yeni Parti گرنگە؛ چونکە هەردووکیان لە دۆخێکی نوێی ناوخۆیی و پەرلەمانی دان و هەر هەڵوێستێکیان دەتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نرخێکی سیاسی هەبێت.
بۆ دەوڵەت، پرۆسەکە تەنیا سیاسی نییە؛ ستراتیژییە
لە دیدی دەوڵەتی تورکیاوە، کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی چەکداریی PKK تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی نییە.
تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە ژینگەی ئەمنیی خۆی لە سنووری عێراق و سوریاوە تا ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات. لە ئاستی فەرمیشەوە، لە کۆبوونەوەیMGK ـی 6ـی ئاب، لەگەڵ «تورکیای بێ تیرۆر»، باسی ئامانجی «ناوچەی بێ تیرۆر»کراوە؛ ئەمە نیشانی دەدات، ئەنقەرە پرۆسەکە تەنیا بە سنووری ناوخۆی تورکیا نابەستێتەوە.
ئەمە لە ڕووی جیوپۆلەتیکییەوە گرنگە، چونکە تورکیا لە هەمانکاتدا دەیەوێت ببێتە یەکێک لە کۆریدۆرە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ووزە، بازرگانی و پەیوەندییە زەمینییەکانی نێوان ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. بۆ ئەم ستراتیژییە، کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و سنووری عێراق و سوریا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
بەتایبەتی لە دوای گۆڕانکارییە خێرا جیوپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە، ئەوەی تورکیا بەدواییدا دەگەڕێت تەنیا «کۆتایی شەڕ» نییە؛ بەڵکو دروستکردنی ژینگەیەکی نوێی ئاسایشی، سیاسی و ئابوورییە.
ئەنجام
لە کۆتاییدا، یاسای چوارچێوە نابێت تەنیا وەک یاسایەک بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی PKK بخوێندرێتەوە، ئەم یاسایە لە هەمان کاتدا بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر:
گۆڕینی هاوکێشەی سیاسیی ناوخۆی تورکیا، دانانی کێشەی کورد لە چوارچێوەی یاسایی و پەرلەمانی، دروستکردنی زۆرینە نوێیەکانی پەرلەمان و لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی پێگەی تورکیا بۆ قۆناغێکی نوێی جیوپۆلەتیکی.
467دەنگی پەرلەمان بۆ یاسای چوارچێوە، لە خۆیدا دەڵێت سنوورە کۆنەکانی جەمسەرە سیاسییەکان لە تورکیا دەستی بە گۆڕان کردووە.
پرسیاری سەرەکی ئێستا ئەوە نییە کە کێ بە یاسای چوارچێوە دەنگی دا؟
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەم هاوکێشە نوێیەی لە پەرلەمانی تورکیا دروست بووە، لە داهاتوودا دەبێتە بنەمای گۆڕانکارییەکی دەستووریی و سیاسیی گەورەتر؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ بێت، ئەوا یاسای چوارچێوە تەنیا کۆتایی قۆناغێک نییە؛ دەستپێکی نەخشەیەکی سیاسیی نوێیە لە تورکیا.