ڤیژن پرێس
دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهور لە ئیدلب، بە گومانی ئەوەی تورکیا ویستوویەتی وەک بنکەیەکی سەربازی بەکاریبهێنێت، پەردەی لە سەر ململانێیەکی نوێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، لەلایەک و ناکۆکی ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی ترەوە لە سەر خاکی سوریا هەڵماڵی، ئیسرائیل؛ سوریایەکی دراوسێی لاواز و دوور لە هەژموونی تورکیا و ئێرانی دەوێت، ئەمریکاش سەقامگیریی و هەماهەنگی و رێککەوتن.
سوریا یەکێکە لە ئاڵۆزترین گۆڕەپانەکانی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا هەریەک لە تورکیا و ئیسرائیل ئامانجی جیاوازیان لەو وڵاتە هەیە، هەردوولا بەردەوامن لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا.
ئیسرائیل و ستراتیجیەتی جەنگ
شیکەرەوە سەربازییەکان پێیانوایە، ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل لە سوریا رێگرییکردنە لە جێگیربوونی هەمیشەیی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا، چونکە ئەو گروپە چەکدارانە کار دەکەن بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو بۆ حزبوڵڵای لوبنانی، ئەوەش تەواو پێچەوانەی خواستەکانی حکومەتەکەی نەتەنیاهۆیە، کە بۆ ماوەیەکی زۆرە جەنگی دژ بەو گروپە لە لوبنان راگەیاندووە و هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ لەناوبردنی.
بەئامانجگرتنی ژێرخانەکان
پێشتر ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سوریا بەتایبەت فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەب و بنکە سەربازییەکان زیاتر کردووە، ئامانج لەو هێرشانە پچڕاندنی هێڵی دابینکردنی لۆجستی و کەرەستەی سەربازییە بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
پاراستنی بەرەکانی جۆلان
ئیسرائیل بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ باشوری سوریا دەکات و رێگە نادات هیچ گروپێکی چەکداریی سەر بە ئێران یان حزبوڵڵا لە سنووری بەرزاییەکانی جۆلان نزیک ببنەوە، کە بە یەکێک لە ناوچە ھەستیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لە رووی سیاسی و سەربازییەوە و تەنیا 70 کیلۆمەتر لە دیمەشقـی پایتەختی سوریاوە دوورە.
توركیا چی لە سوریا دەوێت؟
شیکەرەوەکان دەڵێن: لە رووی سیاسییەوە، تورکیا خوازیاری سوریایەکی سەقامگیرە و دەیەوێت رۆڵی سەرەکی لە دروستکردنەوەی ئەو وڵاتە بگێڕێت، چونکە نایەوێت دراوسێیەکی شکستخواردوو و سەر بە کێشەی هەبێت.
ئەنقەرە، پێیوایە سوریا بۆی هەیە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیتمانی وڵاتەکەی، گەر پرس و دۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکهێنەری سەرەکییەتی، یەکلایی نەکرێتەوە و لە چوارچێوەی سوپای سوریادا نەتوێنرێنەوە.
تورکیا سوریایەکی ناوەندیی بەهێزی دەوێت و دژی فیدراڵی و لامەرکەزییە، بەلایەوە گرنگ نییە کورد لە سوریا بەشدارییان لە حکومەتدا هەبێت، بەڵام بەشداریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەتوندی رەتدەکاتەوە.
لە رووی ئابوورییەوە، تورکیا دەیەوێت سوود لە دەرفەتەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا وەربگرێت لە رێگەی دۆزینەوەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەکانی وڵاتەکەی.
بەکارهێنانی پرسی کورد
شیکەرەوە سەربازییەکان ئاشکرایان کردووە، تورکیا پرسی هەڕەشەکردن لە کورد و کارتی گێڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان بەکاردەهێنێت، بۆ زیاتر کردنی هەژموونی بەسەر حکومەتی نوێی سوریادا، بەمەبەستی جێبەجێکردنی خواست و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.
نیگەرانییەکانی تورکیا
لەم دۆخەی ئێستادا ئەنقەرە نیگەرانە لە لاوازبوونی رکابەرەکانی ئیسرائیل و پێیوایە حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ دەستی واڵاترە، بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک لە ناوچەکە بە پشتیوانی ئەمریکا، ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانی تورکیا، چونکە ترسی هەیە ئیسرائیل کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی ناوچەکە بکات، دواتر پشتیوانی لە پرسی رۆژئاوای کوردستان بکات.
هۆشداریی واشنتۆن
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی ئەبو زهوری ئەنجامداوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی دروستکردووە، کە دەکرا ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ لە سەر خاکی سوریا.
باراک ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی هەڵە بەستووە سەبارەت بە گواستنەوەی هێز و کەرەستەی سەربازی تورکیا بۆ بنکە ئاسمانییەکە.
باراک، ستراتیژییەتی ئیسرائیلی بە یارییەکی زۆر مەترسیدار ناوبرد، بەتایبەتی کاتێک سەیری هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەو بنکە ئاسمانییە دەکرێت کە کراوەتە ئامانج، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی زۆر نزیک لە سنوورەکانی تورکیاوە.
رەتکردنەوەی لێدوانەکانی باراک
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لێدوانەکانی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکای رەتکردەوە و رایگەیاند: لێدوانەکانی زانیاریی نادروستییان لەخۆگرتووە.
بەوتەی کاتس: پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، ئیسرائیل تەواوی زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بە بنکەی ئەبو زهوری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکادا هاوبەش کردووە، ئامانجی تەلئەڤیڤ لەو هێرشە ئاراستەکردنی هۆشدارییەکی راستەوخۆ بووە بۆ دیمەشق لەبارەی دەستوەردانەکانی تورکیاوە.
سوریا: دەرگا بە رووی ئیسرائیلدا کراوەیە
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە: کاری لەپێشینەی دیمەشق، راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە و پێویستە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بونیادنانی متمانە لەو ئاراستەیەدا. وتیشی: "دوای جەنگی ئێران و ئیسرائیل دانوستانەکان وەستاون".
شەیبانی دەڵێت، متمانەیان بە ئیسرائیل نییە و پەیوەندییەکانیان بەتەواوەتی پچڕاون لە دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور.
پێشبینی کرد، بەمزووانە دانوستانەکانی لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی دەست پێبکاتەوە و ئومێد دەکەن ببێتە هۆی کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سوریادا. شەیبانی دەڵێت: دەبێت ئیسرائیل ئەم هەلە مێژووییە بقۆزێتەوە، چونکە هێشتا دەرگا بەڕووی دیپلۆماسیدا کراوەیە.
هەماهەنگی نهێنی
سەرچاوەیەکی سەربازی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، لە دوای ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر بنکەی ئەبو زهور، حکومەتی ئیسرائیل پەیوەندییەکی نهێنی لەگەڵ لایەنی تورکی ئەنجامداوە، بە ئامانجی خۆ بەدوورگرتن لە پێکدادانی سەربازی.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئیسرائیل نایەوێت وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکات، بۆ ئەوەش پەیوەندییە نهێنییەکەی ئەنجامداوە، بۆ گواستنەوەی پەیامەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئیسرائیل بۆچی لە تورکیا دەترسێت؟
شیکەرەوەکان هۆکاری ترسی ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگێڕنەوە؛ تورکیا ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە و خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناو هاوپەیمانێتییەکەیە و پاڵپشتییەکی گەورەی دارایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دابین دەکات، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ واشنتۆن، مۆسکۆ، وڵاتانی کەنداو هەیە، بۆیە ئیسرائیل ناتوانێت پەنا بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەنقەرە ببات.
دەرئەنجام
ئەم پێشهاتانە دەری دەخەن خەریکە گۆڕەپانی سوریا دەبێتە ناوەندی تاقیکردنەوەیەکی سەختی سەربازی، نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا، قووڵبوونەوەی پەیوەندی و هاوپەیمانێتیی تورکیا و سوریا، شکستهێنانی دانوستانە نهێنییەکانی دیمەشق و تەلئەڤیڤ، ئاماژەن بۆ ئەوەی بچووکترین هەڵە لەلایەن هەر یەکێک لەو جەمسەرانەوە، مەترسی هەیە جەنگێکی فراوان و کۆنترۆڵ نەکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێنێت.