ڤیژن پرێس
قەبارە و ژمارەی ئەندامانی خێزان لە هەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، خێزانەکانی عێراقیش پێچەوانەی پێشووتر، منداڵی کەمتر دەخەنەوە و خۆیان لەگەڵ دۆخی دارایی و ئابووریی دەگونجێنن.
گەشەی دانیشتووان
بەپێی نوێترین سەرژمێری و ئامارەکان؛ گۆڕانکاریی گەورە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و خێزانیدا روویداوە، دابەزینی گەشەی دانیشتووان و کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون و وەچەخستنەوە، بچووکبوونەوەی قەبارەی خێزانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە.
مەحمود عوسمان، راوێژکاری ئامار و بەڕێوەبەری پێشووی ئاماری سلێمانی بە ڤیژن پرێسی رایگەیاند: ماوەی چەند ساڵێکە رێژەی لەدایکبوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی ئاستی رۆشنبیری، قورسی بژێویی و زەحمەتی دابینکردنی پێداویستیەکانی خێزان.
ئەو شارەزایەی ئامار دەڵێت: پێشتر گەشەی دانیشتووانی عێراق لە هەرێمی کوردستان زیاتر بوو، بەڵام ئێستا زۆر نزیکن لە یەکتر.
داتا و ئامار
بەپێی دوایین ئامارەکانی دەستەی ئاماری عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 ھەزار و 793 کەس، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 519 هەزار و 129 و رێژەی 14.1%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت.
دابەشبوونی دانیشتووان
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی خەمڵێنراوی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 396 هەزار و 206 کەسە، پارێزگای هەولێر دوو ملیۆن و 55 هەزار و 448 کەسە، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆکیش گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 432 هەزار و 369 کەس.
بەپێی پێشبینییەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ژمارەی دانیشتووان تا ساڵی 2040 دەگاتە 8 ملیۆن و 800 هەزار كەس.
قەبارەی خێزان
مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری پێشووی ئاماری سلێمانی، لەبارەی قەبارەی خێزانەوە ئامارێکی نوێی بۆ ڤیژن پرێس خستەڕوو و رایگەیاند: رێژەی قەبارەی خێزانی ئاسایی، لە عێراق 5.77 و نزیکەی شەش کەسە، لە هەرێمی کوردستانیش رێژەکە 4.77 و نزیکەی پێنج کەسە.
زانیارییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەری دەخەن، کۆی گشتی ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 363 هەزار و 248 خێزان، پارێزگای سلێمانی 563 هەزار و 254، پارێزگای هەولێر 536 هەزارو 242 و پارێزگای دهۆک 263 هەزارو 752 خێزانە.
ژمارەی منداڵ
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ژمارەی منداڵ لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 65 هەزار و 170 منداڵ و رێژەی %31.67ـی دانیشتوان پێکدەهێنن.
بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی ژمارەکە 715 هەزار و 171 منداڵە، لەو ژمارەیەش زۆرینەیان شارنشینن و گەیشتوونەتە 635 و 65 منداڵ. لە پارێزگای هەولێر ژمارەی منداڵ گەیشتووەتە 815 هەزارو 580 منداڵ، زۆرینەیان شارنشین و ژمارەیان گەیشتووەتە 666 هەزارو 732 منداڵ. لەکاتێکدا ژمارەی منداڵانی پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە 534 هەزارو 419 منداڵ، زۆرینەیان شارنشینن و ژمارەیان گەیشتووەتە 415 هەزارو 232 منداڵ.
کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون
ئامارە نوێیەکان مەترسیی کەمبوونەوەی ژمارەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو، بە جۆرێک تەنیا لە شاری هەولێر لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا، ژمارەی لەدایکبوون ساڵانە نزیکەی حەوت هەزار منداڵ کەمیکردووە.
لە ساڵی 2009دا، 23 هەزار و 635 منداڵ لە هەولێر لەدایکبوون، ئەو ژمارەیە ساڵ دوای ساڵ رووی لە کەمبوونەوە کردووە و لە 2025 گەیشتووەتە 16 هەزارو 676 منداڵ.
بەپێی ئەو ئامارە، لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2025، ژمارەی لەدایکبوون، ساڵانە شەش هەزار و 959 منداڵ کەمی کردووە.
وەچەخستنەوەو گەشە
ئامارەکان ئەوەیان دەرخستووە، تێکڕای وەچەخستەوە لەعێراق 3.9٪ و لەهەرێمی کوردستان رێژەکە 3.5٪ـە، پشتبستن بە ئامارەکانی سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراق لە 3٪ـەوە دابەزیووە بۆ نزیکەی 2.5٪.
رێژەی لەدایکبوون
بەپێی ئەو سەرژمێرییەی لە ساڵی 2024 ئەنجامدرا، رێژەی لەدایکبوون لە عێراق گەیشتووەتە %3.9 بەڵام رێژەکە لە هەرێمی کوردستان کەمترە و دابەزیووە بۆ 3.5٪.
کەمبوونەوەی وەچەخستنەوە
د.نیزاڵ بەغدادی پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون، لەبارەی کەمبوونەوەی رێژەی وەچەخستنەوەوە دەڵێت: لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا تێکڕای منداڵبوونی هەر ژنێک لەنێوان 6 بۆ 7 منداڵ بووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێژەیە دابەزیووە بۆ نزیکەی 3 منداڵ.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ سەرەڕای ئەم دابەزینە، هێشتا رێژەی گەشەی منداڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرووی تێکڕای جیهانییەوەیە کە %1.1 یە.
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی منداڵبوون
دۆخی ئابووری، سیاسی، تەندرووستی و کۆمەڵایەتی لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە:
خراپی باری ئابووری
بەووتەی شارەزایانی ئابووری و ئامار، لە ئێستادا خەرجییەکانی چاودێری و پەروەردە زۆر بەرزە، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی منداڵان لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ و پەیمانگاکان.
کاری ژنان و تێکچوونی هاوسەنگی
کارکردنی ژنان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا، وا دەکات رووبەڕووی فشارێکی زۆر ببنەوە لەنێوان ئەرکی فەرمانبەری و کاری دەرەوە و بەرپرسیارێتی دایکایەتیدا، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی وا دەکات ژمارەی منداڵ بۆ یەک یان دوو منداڵ کەمبکرێنەوە.
هۆکارە پزیشکی و کۆمەڵایەتییەکان
پزیشکانی پسپۆڕی ژنان ئەوەیان خستووەتەڕوو؛ دواکەوتنی تەمەنی هاوسەرگیری، بڵاوبوونەوەی هەندێک کێشەی تەندروستی وەک تێکچوونی هێلکەدان و قەڵەوی، هەروەها لەبارچوونی منداڵ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی ژنان سەبارەت بە بەرپرسیارێتییەکانی پەروەردەکردن، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی رێژەی منداڵ.
لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان
شارەزایان پێیانوایە بەردەوامبوونی ئەم دابەزینە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بودجەی گشتی و کەرتی خزمەتگوزارییەکان، ئەگەر هاوتەریب لەگەڵ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری بەڕێوەبچێت.
گۆڕانی چەمکی خێزان
خێزانی بچووک بووەتە دیارترین شێواز لە کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، چونکە دایک و باوکی ئێستا زیاتر گرنگی بە کوالێتی و پەروەردە و ژیان دەدەن نەک تەنیا ژمارەی منداڵ.