ڤیژن پرێس
نرخی تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی، کۆتایی مانگی ئاب بەهای دراوەکە گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی، بەجۆرێک نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 20 ملیۆن و 400 هەزار تمەنی تێپەڕاند، لە کاتێکدا فشارە ئابووریی و سیاسییەکانی واشنتۆن لەسەر تاران بەردەوامە.
لە 30ـی ئابی2026، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 204 هەزار تمەن بەرانبەر 1 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی ئازار نرخی 1 دۆلار نزیکەی 153 هەزار تمەن بوو. لە ماوەی شەش مانگدا نرخی دراوی ئێرانی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوام روو لە دابەزین و لە دەستدانی بەهاکەی بووەتەوە.
کاریگەریی سزا ئابورییەکان
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە، ئەمریکا دەستی بە جێبەجێکردن و هەڕەشەی توندکردنەوەی سزا ئابوورییە نوێیەکانی بەسەر ئێراندا کردووە. واشنتۆن دەیەوێت سزای ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەش بدات، کە لەگەڵ ئێران مامەڵەی ئابووریی دەکەن. ئەم هەنگاوانە ترسی کەمبوونەوەی زیاتری داهات و دابینکردنی دۆلاری بۆ ئێران زیادکردووە.
کێشەکە تەنیا بە سزا و فشارە دەرەکییەکانەوە نەوەستاوە؛ هەڵاوسانی بەرزیش فشارێکی گەورەی لەسەر توانای کڕینی خەڵک درووست کردووە. بەپێی داتای نوێ، هەڵاوسان لە ئێران لە تەممووزی 2026 گەیشتووەتە 88%، لە کاتێکدا هەڵاوسانی ساڵانەی خێزانەکان بە نزیکەی 66% تۆمار کراوە. بەهای زۆرینەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە خێرایی بەرز بووەتەوە و داهاتی خەڵک هاوتەریب نییە لەگەڵ ئەو بەرزبوونەوەیە.
لە ئێستادا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ئازاد لە ئێران هەیە. نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بە 150 هەزار تمەن بۆ 1 دۆلار دیاریکراوە، لە کاتێکدا نرخی بازاڕی ئازاد لە 200 هەزار تمەن تێپەڕیووە. ئەم جیاوازییە نیشانەی فشارێکی گەورە لەسەر بازاڕی دراو و کەمبوونەوەی متمانە بە تمەن نیشان دەدات.
کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان
دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر دۆلار، لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە سلێمانی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و بازرگانی هەیە. هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بازرگانی بەرفراوانی لەگەڵ ئێران هەیە قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە دەگاتە ملیارەها دۆلار و بەشێکی گرنگ لە کاڵاکانی بازاڕ لە رێگەی سنوورەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخانەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
هاوار شێخ رەئوف، پسپۆڕی دارایی و بانک لە لێدوانێکی تایبەت بە ڤیژن پرێس رایگەیاند: دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووریی و سیاسیی ئێران، بەهۆی سەپاندنی سزا توندەکانی ئەمریکا کە هەناردەی نەوت و بازرگانیی دەرەکیی ئەو وڵاتەی بۆ ئاستی سفر دابەزاندووە، لە نەبوونی دۆلاری پێویستدا بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆیییەکان، هاوڵاتییانی ئێرانی پەنا بۆ دراوە بیانییەکانی دیکە دەبەن.
لەگەڵ ئەوەی هیچ بانکێکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی رێکارە قەدەغەکراوەکانەوە ناتوانێت مامەڵەی بانکی بە دراوی ئێران ئەنجام بدەن و بازرگانی تەنیا پشت بە بازاڕەکانی گۆڕینی دراو لە هەولێر و سلێمانی دەبەستێت، بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا و پاشەکشەنەکردنی ئێران، ئەگەری داڕمان و دابەزینی بەهای تمەن لە داهاتوودا زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن چاوڕێ دەکرا لە بەرژەوەندی کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییەکان بێت، بەڵام تێکچوونی رێوشوێنەکانی هەناردە و هاوردەکردن لە ناوخۆی ئێران و هەڵاوسانی بەرچاوی نرخەکان، ئەم هاوسەنگییە ئابوورییەی تێکداوە.
ئومێد قەرەداخی، مامۆستای زانکۆ و راوێژکاری ئابووریی لە لێدوانێکی تایبەت بە ڤیژن پرێس رایگەیاند: هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن بە کۆمەڵێک فاکتەری ئابووریی و سیاسی دەبەسترێتەوە؛ لەوانە گەمارۆکانی ئەمریکا کە لە 2007ـەوە بە شێوەی جیاواز بەردەوام بوون و لە ماوەی دواییدا توندتر بوونەتەوە، کەمبوونەوەی داهاتی دۆلار و توانای بانکەکان بۆ پشتگیریکردنی تمەن، چاپکردنی دراوی ئێرانی بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕیی بودجە، لەدەستدانی متمانەی خەڵک بە دراوەکە و پەنابردنیان بۆ دۆلار، زێڕ و موڵک. زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان، بە تایبەتی دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، فشارێکی زیاتری لەسەر بەرهەمهێنان و ئابووری ئێران دروست کردووە.
وتیشی: "لاوازیی ژێرخانی بەرهەمهێنان لە ئێران و گەمارۆکان، کاریگەریی نەرێنیان لەسەر توانای بەرهەمهێنانی کارگەکانی ئێران داناوە".
بە وتەی قەرەداغی؛ لە 2004 کاڵای ئێرانی نزیکەی 55 -60%ـی پێویستییەکانی بازاڕی عێراقییان دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 35-40%دابەزیوە؛ ئەمەش بۆشایی لە بازاڕی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەشێکی زۆری بە کاڵای تورکی و چینی پڕ کراوەتەوە.
داهاتوی تمەن
لەبارەی داهاتووی دراوی ئێرانییەوە، ئومێد قەرەداخی پێی وایە؛ بارودۆخی دراوەکە باش نییە و بەهۆی لاوازیی ژێرخانی ئابووریی و بەردەوامیی گەمارۆکانەوە نابێت چاوەڕوانی گەشەیەکی خێرا بکرێت.
پێشنیاز دەکات هاوڵاتی و وەبەرهێنەرانی کورد لە کڕینی تمەن بە مەبەستی قازانج و وەبەرهێنان دووربکەونەوە، تەنیا بۆ پێداویستییە کاتییەکان دراوەکە بگۆڕن، "دابەزینی تمەن بە شێوەی راستەوخۆ نابێتە هۆی هەرزانبوونی کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان، زۆربەی کاڵا هەناردەکراوەکان بە دۆلار نرخ دادەنێن، نەک بە تمەن".
بە وتەی شارەزایانی ئابووریی؛ دابەزینی بەهای تمەن تێچووی گەشتکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کەمتر دەکاتەوە. دۆلار یان دیناری عێراقی بەهای زیاترە بەرانبەر تمەن، بەوەش خەرجیی هۆتێل، خواردن، گواستنەوە و کڕینی هەندێک کاڵا لە ئێران کەم دەکەوێت. بەڵام هەڵاوسانی زۆر بەرزی ناوخۆی ئێران و بەرزی نرخی شمەک لەو وڵاتە بەشێک لە سوودی ئەم دابەزینە لەناو دەبات. بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و دینار راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دروست دەکات. گۆڕانی نرخی تمەن، کاریگەریی لەسەر حەواڵە و مامەڵەی دراو لە سلێمانی درووست دەکات، بەو پێییەی ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بازرگانی و سەنتەری بازاڕی تمەنی ئێرانییە.