ڤیژن پرێس
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، قۆناغێکی سەختتر بەخۆیەوە دەبینێت، کاریگەرییەکانی لە سەر بازاڕی نەوت، گواستنەوەی وزە، هەڵاوسان و بازاڕە دارایییەکان زیاتربووە. مەترسییەکان لەسەر گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز، نرخی نەوتی برێنتی بۆ زیاتر لە 59 دۆلار بەرزکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییەکانی زیاتربن.
هێرشەکانی کۆتایی ئاب و سەرەتای ئەیلولی 2026، مەترسیی لەسەر گەرووی هورمز زیاتر کردووە؛ بەوپێیەی بووەتە خاڵی سەرەکیی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە رێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتە و هەر کردەوەیەکی سەربازیی لەو ناوچەیە کاریگەریی خێرا لەسەر هاتوچۆی بازرگانیی و نرخی نەوت دادەنێت.
لە دوای پێکدادانەکان داتاکانی هاتوچۆیی کەشتییەکان ئەوە دەردەخەن هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە؛ رۆژی 1ـی ئەیلول تەنیا4 کەشتیی بازرگانی و نەوت تێپەڕیوون لە 31ـی ئاب تەنیا 5 کەشتی تێپەڕیووە، لە کاتێکدا لە رۆژانی پێشوو نزیکەی 14 کەشتی بووە.
ئاڵۆزییە نوێیەکان کاریگەریی خێرای لەسەر بازاڕی وزە دروستکرد، بەشیوەیەک نرخی نەوتی برێنت (Brent) لە 1ـی ئەیلوول گەیشتە زیاتر لە 95 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەگەڵ زیادبوونی نرخی نەوتی رۆژئاوای تەکساس (WTI) بۆ زیاتر لە 90 دۆلار. تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە. لە ئەگەری ئاڵۆزیی و پێکدادانی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران و تێکچوونی ئاسایشی هورمز بە شێوەیەکی درێژخایەن، دابینکردنی نەوت لە کەنداو بەربەستی زیاتری لەسەر دەبێت و فشار لەسەر نرخە جیهانییەکان زیاد دەکات.
هەناردە و داهاتی نەوت
ئاڵۆزییەکانی ئەمجارە کاریگەرییەکەی لەسەر ئێران راستەوخۆترە. پێکدادانە سەربازییە نوێیەکان و سزاکانی واشنتۆن بۆ سنووردارکردنی دارایی و بازرگانی ئێران، بە تایبەتی هەناردەی نەوت، فشاری لەسەر داهاتی تاران زیاترکردووە. دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و هەڵاوسان لە ناوخۆی ئێران، نرخی شمەکی لەو وڵاتە زیادکردووە، ئەمەش کاریگەرییەکەی لەسەر خەڵکی ئەو وڵاتە قوڵتر کردووەتەوە.
ئەم دۆخە بۆ ئێران دوو کاریگەریی دروست دەکات: لە لایەکەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتی زیاتر بۆ ئێران دەگەڕێنێتەوە؛ لە بەرانبەردا ئەگەر سزاکان و کێشەی گواستنەوە، هەناردەی نەوت کەم بکەنەوە، قازانجی زیادبوونی نرخ بەهای نامێنێت. ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین کێشە دارایییەکانی ئێران.
سزای زیاتر بۆ سەر ئێران
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند: واشنتۆن هەفتانە فشارە داراییەکانی بۆ سەر ئێران زیاد دەکات، ئەم هەفتەیە ئەگەری سەپاندنی سزا بۆ سەر بانکێکی ئێرانی هەیە.
لە ئەمریکا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی داهاتی بەرهەمهێنەرانی نەوت هەیە، فشار لەسەر بەنزین، بەرهەمهێنان و هەڵاوسان لەو وڵاتە زیاد دەکات، بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان خەزێنەی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکاSPR بۆ نزیکەی286.6 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، مەترسی کەمبونەوەی نەوتی ئەمبارکراو بەکارهێنانی سووتەمەنی سنوردار دەکات.
گۆڕانی نەخشەی بازرگانیی نەوت
بەردەوامی قەیرانەکە، کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ئاراستەی بازرگانیی نەوت درووست کردووە. هەناردەی نەوتی ئەمریکا و ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست لە 2026 بۆ نزیکەی11.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە 2025دا، 10.3 ملیۆن بەرمیل بووە. لەو رێژەیەش ئەمریکا نزیکەی4.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە دەکات.
ئەم گۆڕانکارییە مانای ئەوەیە، قەیرانی ئێران و گەرووی هورمز تەنیا کێشەیەکی ناوچەیی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت بازاڕی جیهانیی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەمریکا و ئەمریکای باشوور بگوازێتەوە.
گۆڕانکارییەکانی وزە
سەپاندنی سزا ئابورییەکان لە مانگی رابردوودا ئاراستەی ململانێیەکانی ئەمریکا و ئێرانی گۆڕی، بەهۆی پێکدادانی سێ رۆژی رابردوو رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بە موشەک و درۆن رویدا، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە جیهاندا.
لە نوێترین پێکداداندا رۆژی سێشەممە 1ـی ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئامانجەکان بریتی بوون لە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی چاودێریی، تواناکانی دانانی مین لە دەریا، ژمارەیەک دامەزراوە و کەشتییە نەوتییەکانی ئێران. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین هێرشە راستەوخۆکانی ئەمریکا بۆ ئامانجەکانی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا و هەڵگری نیشانەی ئەوەیە، ئاڵۆزییەکە لە ناوچەکەدا جارێکی تر بەرەو هەڵکشانی سەربازی دەچێت.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، لە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای خوزستانی ئێران، کە شەوی سێشەممە ئەنجامدرا، 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەس بریندار بوون.
مانگی سووری ئێران بڵاویکردەوە، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە هورمزگان، کە ناوچەیەکی کەناراوییە لەسەر گەرووی هورمز، 5 کەس کوژراون و 50 کەس برینداربوون. ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاوی کردەوە: منداڵێکی تەمەن 4 ساڵ لە نێو کوژراوەکاندایە و ژمارەی بریندارەکان سەروو 50 کەسە.
لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکادا، ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر بنکە و پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بەحرەین ئەنجامدا، هاوکات فڕۆکەخانەی هەولێریش لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە ئامانجگیراوە، بە پاساوی ئەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکای لێیە.
هەرچەند بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران باس لە کوژرانی سەربازی ئەمریکی دەکەن هێرشەکانی شەوی رابردوودا، بەڵام تا ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە. هێرشەکان لە کاتێکدا روویداوە پێشتر هەردوو لایەن بۆ ماوەیەک لە پێکدادانی راستەوخۆ دوورکەوتبوونەوە.
رۆژی دووشەممە 31ـی ئابی 2026 هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک(خارک) لە نزیکی گەرووی هورمز کردە ئامانج.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت: سەکۆ ئێرانییەکان پەیوەندییان بە هەڕەشەی دانانی مین و بەکارهێنانی مووشەک لە گەرووی هورمز هەبووە. دوورگەی لارک ناوچەیەکی ستراتیژیی کەناریی ئێرانە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هەیە لە گەرووی هورمز.
سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، لە وەڵامی هێرشی ئەمریکادا مووشەکی بالیستیی ئاراستەی 2 بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن کردووە. هێزەکانی ئوردنیش رایانگەیاند، 8 مووشەکی ئێرانیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستوەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندتری کرد و رایگەیاند: ئەگەر هێرشەکانی ئێران بەردەوام بن، هێرشەکانیان فراوانتر دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر واشنتۆن بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی کاتیی مانگی حوزەیران، تارانیش دەستبەجێ مامەڵەی هاوشێوە دەکات، بهڵام جهختی كردهوه گهڕانهوهی ئهمریكا بۆ سیاسهتی ئەوپەڕی فشار، رێڕهوی دیپلۆماسی لهناو دهبات.
هاوکات ئیبراهیم زولفهقار وتهبێژی قهرارگهی ناوهندیی خاتهمولئهنبیا (فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران) هەڕەشەی ئەوەیکرد، هەر وڵاتێک هاوکاریی ئەمریکا بکات، وەڵامی توندی دەدەینەوە.
بەردەوامیی قەیرانەکە
بە ووتەی چاودێرانی سەربازیی: ماوەی قەیران گرنگترە لە توندیی هێرشە ناوبەناوەکان، ئەگەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە هورمز لە ئاستی ئێستادا بمێنێتەوە، بازاڕی نەوت و وزە خۆی لەگەڵ دۆخەکە دەگونجێنێت، بەڵام ئەگەر تێپەڕینی نەوتهەڵگرەکان بۆ ماوەیەکی درێژ سنووردار بکرێت، فشار لەسەر نەوت، غاز، سووتەمەنییەکان و کرێی گواستنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت، نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.
لەگەڵ فراونبوونی ئاڵۆزیی و پێکدادانە سەربازییەکاندا، هێشتا دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخراو، بەڵام دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بەربەستەکانی زیاتر کردووە. ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا تاران و واشنتۆن ئاڵۆزییەکانیان لە ناوچەکە کۆتایی پینەهێنن و نەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەگەری فراوانبونی ئاڵۆزییەکان هەیە، بەشێوەیەک هێرشەکان بگەنە ئامانجە سەربازی و نەوتییە گەورەکان و ناوچەکە بەرەو شەڕێکی فراوانتر ببەن.