ڤیژن پرێس
دوای ماوەیەک لە راگرتنی بەهۆی هێرشە درۆنییەکان و مەترسییەکانەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و گەیشتوەتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، پلان هەیە بەرهەمهێنان بگەیەنرێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی و لە رێگەی سۆمۆوە هەناردەی بەندەری جەیهان و لەوێشەوە بگاتە کڕیارەکانی جیهان.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە نزیكەی 220-250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، تەنیا كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەستی بە بەرهەمهێنان بەشەکی (جزئى) كردووەتەوە، بەهۆی ئەو هێرشە درۆنییانەی كە كرابووە سەری و زیانی بەركەوتووە.
بەپێی دوایین رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بەرهەم و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو نەوتەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن، دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: لە ئێستادا رۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ دەپاڵێورێت، لە کاتێکدا خواستی ناوخۆیی دەگاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆیە دەبێت بڕی پاڵاوتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
ئەو لێدوانەی وەزیری سامانە سروشتییەکان دوای ئەوە هات، رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە سەبارەت بە نرخی بەنزین و سووتەمەنی و دابینکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان یەک لیتری بە نرخی 450 دینار، هاوشێوەی حکومەتی عێراق.
بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان
سەرەتای ئەم مانگە، عەلی نزار بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند: بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 20 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. هەناردەی نەوتی عێراقیش لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە بۆ 60 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیووە. کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەییی خۆیان نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەرزترین ئاستدا.
راگرتنی بەرهەمی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان
بەهۆی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان یەک لە دوای یەک کارەکانیان راگرت، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ کەمترین ئاست دابەزی.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوتی وەک: شاماران پترۆلیۆم، ئێچ کەی ئێن، دانەغاز، گەڵف کیستۆن و دی ئێن ئۆ، بەرهەمهێنانی نەوتیان بەشێوەیەکی کاتی و وەک رێکاری خۆپارێزیی راگرت تا ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە.
پێش هێرشە درۆنییەکان، لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە، نزیکەی 150 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنرا، دواتر بۆ کەمتر لە 100 هەزار بەرمیل دابەزی؛ لەو بڕەش 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و ئەوەی دیکەی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن.
قۆناغ بە قۆناغ بەرهەمهێنان زیاد دەکات
پێشتریش، کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی (DNO) راپۆرتی دارایی چارهکی دووەمی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: قۆناغ بە قۆناغ دەست بە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆتایی مانگی شوباتی 2026 و وەک رێکارێکی خۆپارێزیی، چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی لە کێڵگەی تاوکێ راگرتووە کە خاوەندارێتی %75ـی پشکەکانی دەکات، ئەوەش بەهۆی مەترسی هێرش بۆ سەر کێڵگەکە.
دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە، لە 9ـی نیسانی 2026، بەشێک لە کارەکانی دەستپێکردووەتەوە لە رووی چاکسازی لە بیرە کۆنەکان و دەستپێکردنەوەی هەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ. بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ لە 28ـی حوزەیران و لە کێڵگەی پیشخاپوور لە 11ـی تەمموز دەستی پێکردووەتەوە و دەیەوێت بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئاستی پێش راگرتنەکە بگەڕێنێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی(DNO) لە چارهکی دووەمی 2026 تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە بۆ 273 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا لە چارهکی یەکەمدا 39 هەزار و 600 بەرمیل بووە، بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنان لە مانگەكانی نیسان و ئایار و حوزەیران 2026.
بێژەن رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ، لەبارەی کارکردنیان لەو دۆخەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئامادەین دۆخی ناسەقامگیریی بازاڕ بگوێزینەوە بۆ جێگیریی زیاتری نرخ و باشتربوونی ئاسایش لە کوردستاندا. بەردەوامین لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی و دۆزینەوەی مەرجی گونجاو بۆ هەناردەکردنی داهاتوو لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا.
رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت
رۆژی 23ـی شوباتی 2025، شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ راگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێکهێنراوە.
پێشتریش ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری هەشت سەرچاوەی جیاوازە بڵاوی کردبووەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوەتە عێراق، بە زووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
رێککەوتنی هەولێر و بەغدا
دوای راگەیاندنی رێککەوتنی کۆتایی لە مانگی شوباتی 2025، نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق، دەقى ئەو رێککەوتنى نێوان هەرێم و حکومەتى ناوەندى بڵاوکردەوە کە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران دەنگى لەسەرداوە.
بەپێى رێککەوتنەکە، هەرێمى کوردستان پابەندکراوە بە پێدانى 230 هەزار بەرمیلى رۆژانە بە کۆمپانیاى سۆمۆ، لەبەرامبەردا بۆ هەر بەرمیلێک عێراق 16 دۆلار وەک پێشینە لە رێگەی حکومەتى هەرێمەوە دەدات بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، حکومەتی هەرێمیش دەستبەجێ دەست دەکات بە رادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی لە کێڵگە نەوتییەکانی بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی.
حکومەتی عێراق رایگەیاند: بەپێی راپۆرتەکان، کۆی بەرهەمهێنان لە ئێستادا 280 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. لەو بڕە 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، بڕی ماوە کە 230 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتووی بەرهەمهێنان، رادەستی سۆمۆ دەکرێت بە مەبەستی هەناردەکردن.
دوای ئەو راگەیاندراوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 13ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژە بەوەدا، لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق رێککەوتون، رێککەوتنەکەش لەلایەن 23 ئەندامی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17ـیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
دوای زیاتر لە مانگێک لە رێککەوتنی کۆتایی، وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 27ـی ئەیلولی 2025 بڵاوی کردەوە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بەبێ هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستیپێکردووە و لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.
راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
بڕیاری دادگای فیدراڵی
پێش ئەو بڕیارەی دادگای پاریس، رۆژی 15ـی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی لهبارهی نادهستوریبوونی یاسای نهوت و غازی ههرێم و نادەستوریبوونی فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دهركرد.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، یاسای نەوت و غازی ههرێم، ژماره 22ـی ساڵی2007 نادەستوورییە و پێچهوانهی مادهكانی (110، 111، 112، 115، 121 و 130)ـی دەستووری عێراقە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە رادهستكردنی سهرجهم بهرههمه نهوتییهكانی خۆی و ناوچهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم كه وهزارهتی سامانه سروشتییهكان دهریهێناون، به وهزارهتی نهوتی عێراق.
بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس
لە سەر سکاڵای فەرمی وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراق، ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی 277 لاپەڕەیی لە 13ـی شوباتی 2023 دەرکرد بۆ راگرتنی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لە رێككەوتنی بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی (IPT) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە.
حكومەتی عێراق سکاڵای ئەوەی كردووە حكومەتی توركیا پێشێلی رێككەوتنی لەگەڵ عێراق كردووە، رێگەی داوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆرییەكانەوە هەناردەبکرێت.
بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان
هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە نەوتی بە تانکەر بە تورکیا و بەشێکی لە رێگەی ئێرانەوە دەفرۆشت، دواتر لە 2014 بۆری نەوتی سەربەخۆی بونیادنا و نەوتی کێڵگەکانی لە رێگەیەوە هەناردە دەکرد، کە لە خورمەڵەوە درێژ دەبێتەوە بۆ فیشخابوور.
دواتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆری نەوتی كوردستانی لە 2017 فرۆشت بە کۆمپانیای کار و روسنەفتی رووسی بەرامبەر ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلار.