ڤیژن پرێس
میدیا عەرەبی و عێراقییەکان، بە گرنگییەوە رووماڵی رووداوەکانی لوتکەی سلێمانی گفتوگۆ و پانێڵەکانی دەکەن، وەک رووداوێکی ئابووریی گەورە، سەکۆی گفتوگۆی کێشەکان لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە باسی دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لوتکەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر سەکۆ و پەڕە و پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووستکرد.
رۆژانی17 و 18ـی ئەیلوولی 2026، لوتکەی سلێمانی 2026 ئەنجامدرا؛ بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، وەزیران و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێم، بانکەکان، وەبەرهێنەران، کارگەکان، پیشەسازان و پسپۆڕانی ئابووری بەڕێوەچوو.
بابەتە سەرەکییەکانی لوتکەکە لەسەر بانک، خانوبەرە، پیشەسازی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆ بەردەوام بوو. لە کۆتایی دوو رۆژی لوتکەکەش پێنج پێشنیازی سەرەکی وەک راسپاردە بۆ چاکسازیی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆ، قەرزی درێژخایەنی خانوبەرە و نوێکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان خرانەڕوو.
راسپاردەکانی لوتکەی سلێمانی
راسپاردەکانی لوتکەی سلێمانی بریتی بوون لە گهشهپێدان و ریفۆرم له سیستمی پارهدانی ئهلیكترۆنی، پشتگیركردنی پیشهسازیی و بهرههمی ناوخۆ له رێگهی بهرزكردنهوهی توانای كێبڕكێ، دانانی سیستمی قهرزی درێژخایهنی رههن، نوێكردنهوهی یاساكانی وهبهرهێنان، بهپێی پێداویستی راستهقینهی بازاڕ.
بایەخی لوتکە لە دیدی دامەزراوە و رێکخراوەکان
گرنگی لوتکەی سلیمانی کە لە ژێر ناونیشانی (ئاڕاستەکردنی سەرمایە بەرەو گەشەپێدانی بەردەوامی کەرتی خانوبەرە و پیشەسازی) بوونە جێگای بایەخی ناوەندەکانی توێژینەوە، دامەزراوە وەبەرهێنەرەکان و رێکخراوەکان و میدیاکان، سەرەڕای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری درووستکرد، بە بایەخەوە باس لە لوتکەی سلێمانی کرا، وەک لوتکەیەکی ئابووریی ناوازە.
کۆبوونەوەیەکی ئابووری و وەبەرهێنانی گرنگ
یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە: لوتکەی سلێمانی 2026 کۆبوونەوەیەکی ئابووری و وەبەرهێنانی گرنگ بوو، ئامانجی بەشداریکردنیشی بە بەدواداچوون بۆ گفتوگۆکان لەبارەی داهاتووی پیشەسازی و وەبەرهێنان و رۆڵی کەرتی تایبەت لە پشتگیریکردنی ئابووریی نیشتیمانی داناوە.
یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق، بڵاوی کردووەتەوە: لە لوتکەکەدا بابەتەکانی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی، هاندانی وەبەرهێنان، دارایی و پاڵپشتی دارایی، هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، گۆڕانی ئابووری و وەبەرهێنان تاوتوێ کراوە.
سەکۆی دیالۆگ و چارەسەر
ناوەندی موسڵ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئایندە، لەبارەی لوتکەی سلێمانییەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا، لوتکەی سلێمانی وەک پانتایی و سەکۆیەکی گونجاوی کۆکەرەوە و دیالۆگ خراوەتەڕوو، کە دەرفەتی لەبار بۆ ناوەندەکانی بیرکردنەوە و توێژینەوەی عێراقی دەڕەخسێنێت تا لە پەراوێزیدا رێگاکانی بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندیی نێوان ناوەندە زانستییەکان و بڕیاربەدەستان تاوتوێ بکەن، هاوکات گەیاندنی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەپێناو خزمەتکردنی گەشەپێدانی بەردەوامدا.
گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی کەرتی ئابووری
لە ئاستی دامەزراوە فەرمییەکان و بانکەکانی عێراقیش، لوتکەکە تەنها بە هەواڵی ئامادەبوونی بەرپرسان سنووردار نەبوو، بەڵکو گفتوگۆکان زیاتر بە ئاراستی چارەسەرکردنی کێشەی کەرتەکانی بانک و خانوبەرە و وەبەرهێنان و پیشەسازی خرانەڕوو.
روداوێکی ئابووری ستراتیجی
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، لوتکەکە وەک رووداوێکی ئابووریی ستراتیجی وەسف کراوە کە تیشکی سەرەکی خستووەتە سەر بەستنەوە و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان بانکەکان، وەبەرهێنەران، گەشەپێدەرانی بواری نیشتەجێبوون و پیشەسازیی کەرەستەی بیناسازی، بە ئامانجی پشتیوانیکردن و بوژاندنەوەی کەرتی خانووبەرە و دابینکردنی دارایی لە رێگەی بانکەکانەوە.
دەرفەتێک بۆ دیالۆگی نیشتمانی
بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی ژینگەی عێراق، بەشدارییکردنی وەزارەتەکە لە کارەکانی (لوتکەی سلێمانی 2026) لە رێگەی کۆمپانیای گشتی بۆ ئابووریی کاربۆنەوە بووە. لوتکەکە وەک دەرفەتێکی گرنگی دیالۆگی نیشتمانی لەقەڵەم دراوە بۆ گۆڕینی ئامانجە ژینگەیی و ئاو و هەواییەکان بۆ دەرفەتی وەبەرهێنانی ئابووری لە رێگەی ئابووریی کاربۆنەوە.
وەزارەتی ژینگە، لوتکەی سلێمانی بەوە پێناسە دەکات، پانتاییەکی کاریگەر بووە بۆ هاندانی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تاوەکو مۆدێلی شارسازیی نوێ لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نەریتی دەرباز بێت و پشت بە کارایی بەکارهێنانی وزەی پاک، کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوەکان ببەستێت، لەپێناو دروستکردنی شارگەلێکی خۆڕاگر بەرامبەر ئاڵنگارییە ژینگەییەکان.
سەکۆیەک بۆ جوڵەی بانکەکان
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بانکی بەغداد، کە جێگری بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بانکەکە یەکێک بوو لە قسەکەرەکانی لوتکەی سلێمانی، لە وەسفی چالاکییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لوتکەی سلێمانی بووەتە سەکۆیەکی گونجاو بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی دابینکردنی دارایی بانکی بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانەکان و دیاریکردنی رۆڵی کارای کەرتی بانکی لە پشتیوانیکردن و بوژاندنەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق لە رێگەی دروستکردنی هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ وەبەرهێنەراندا.
بانکەکان بزوێنەری ئابووری
لە راگەیەندراوێکدا بانکی ئەهلیی عێراقی(NBI) ئاماژەی بە بەشداریکردنی لە پێشانگای لوتکەی سلێمانی کردووە وەک یەکێک لە پشتیوانانی لوتکەکە؛ وەسفی لوتکەکەی لە رێگەی ناونیشانی ئەو گفتوگۆ کراوەیە خستووەتەڕوو کە رامی ئەلخەفش، سەرۆکی كارگێڕیی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی تاک، خەزێنە و وەبەرهێنان، تێیدا بەشدار بووە، سەبارەت بە گواستنەوە "لە ئابووریی نەختییەوە بەرەو گشتگیریی دارایی و پارەدانی ئەلیکترۆنی" و تاوتوێکردنی ئەوەی کە بانکەکان چۆن دەبنە بزوێنەری گەشەپێدانی ئابووری.
دەنگدانەوەی لە ئاستی میدیایی عەرەبی و عێراقی
دەنگدانەوەی لوتکەکە تەنها لە چوارچێوەی سلێمانی و هەرێمی کوردستان نەبوو؛ بەڵکو میدیای عێراقی و عەرەبی بە شێوەیەکی بەرچاو کاری لوتکەکە و وتەی بەرپرسانی باڵایان بڵاوکردووەتەوە، دەیان میدیای جۆراوجۆر راپۆرت و هەواڵییان لەسەر گفتوگۆکانی ناو لوتکەی سلێمانی دەگواستەوە بۆ وەرگرەکانیان، سەرەڕای ئەوەی بەشدارانی لوتکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لە چالاکی و دیدار و گفتوگۆکانیان کردووە.
لوتکەی سلێمانی؛ پانتایی گفتوگۆی ئابووری
لە کۆی ئەم دەنگدانەوانەدا، لوتکەی سلێمانی بوو بە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەگەڵ بانک، وەبەرهێنەر، پیشەسازیی، ئەکادیمی و دامەزراوەکانی توێژینەوە لەسەر کێشەی کەرتە ئابوورییەکان. بابەتەکانی وەک سیستمی بانکی و پارەدانی ئەلیکترۆنی، خانوبەرە، قەرز، بەرهەمی ناوخۆ، پیشەسازی و ژێرخانی سەوز لە چوارچێوەی پانێڵەکانی لوتکەکەدا خرانەڕوو و لە کۆتاییدا پێشنیازەکان بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دیاریکران.
لە رووداوێکی ناوخۆییەوە بۆ گفتوگۆیەکی فراوانتر
دەنگدانەوەی لوتکەی سلێمانی لە ئاستی عێراق تەنها بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لەسەر دەستپێکردنی لوتکەکە نەوەستاوە؛ بەڵکو لە میدیای عێراقی و عەرەبی، دامەزراوە فەرمییەکان و هەروەها لە چوارچێوەی شیکاریی و توێژینەوەدا بە بابەتەکانی ئابووری و دارایییەوە باسکراوە، ئەوەش لوتکەکەی لە رووداوێکی ناوخۆییەوە بردووەتە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی فراوانتر لەسەر داهاتووی ئابووری عێراق و پەیوەندی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت.