ڤیژن پرێس
لوتکەی سلێمانی 2026، زۆرترین دەنگدانەوەی لە کەناڵەکانی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان درووستکرد، بووە بابەتی بۆچوون و لێدوانی دامەزراوە حکومییەکان، رێکخراوەکان، کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان؛ کاردانەوەکان لەکاتی بەڕێوەچوونی لوتکەی سلێمانی و دوای تەواوبوونی کارەکانی، گرنگیی رێکخستنی ئەم لوتکەیە و لێکەوتەکانی بەتایبەتی لێکەوتە ئابوورییەکانی دەردەخات.
نزیککردنەوەی حکومەت و کەرتی تایبەت
ژووری بازرگانی سلێمانی، لوتکەی سلێمانی وەک هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی حکومەت، بانکەکان، وەبەرهێنەران و کەرتی پیشەسازی و دروستکردنی دەرفەتی نوێ بۆ هاوبەشی و وەبەرهێنان باس کردووە، (ژووری بازرگانی سلێمانی لەگەڵ هەریەک لە ناوەندی دارایی و ئابووری و کۆمپانیای مونلاین، هاوبەشی ڤیژن فاوەندەیشن بوو لە رێکخستنی لوتکەی سلێمانی).
لوتکەی سلێمانی 2026 لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە متمانە بە بانکەکان، پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، وەبەرهێنان، خانووبەرە و بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆ لە گرنگترین بابەتەکانی جێبایەخە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانن.
لوتکەکە بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە چاودێری و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دامەزراوەی ڤیژنەوە لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەیلوول بەڕێوەچوو.
لاپەڕەی فەرمی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردەوە کە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە پێشوازیکردن و ئامادەبوون لە لوتکەی سلێمانی 2026 بەشدار بوو، باسی لە بابەت و تەوەر و پانێڵەکانی لوتکەکە کردووە.
پارێزگاری هەڵەبجە: لوتکەی سلێمانی رەنگدانەوەی لەسەر هەڵەبجەش دەبێت
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لوتکەکەی بە پلاتفۆرمێکی ستراتیجی گرنگ وەسفکردووە بۆ کۆکردنەوەی بڕیاردەران، وەبەرهێنەران و سەرکردەکانی کەرتی تایبەت، بە مەبەستی گەشەپێدانی ئابووری، راکێشانی پرۆژەی نوێ و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە سەرانسەری هەرێم و عێراقدا. ئەمە رەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ سەر ئابووریی سنووری پارێزگای هەڵەبجەش دەبێت.
گفتوگۆ لەسەر پرسە ئابوورییەکان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری دڵنیایی، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی بەڕێوەچوونی لوتکەکەدا چەندین بابەتی گرنگی ئابووری، لەوانە وەبەرهێنان، خانووبەرە، بانکداریی، پیشەسازی، بەرهەمی ناوخۆ و گەشەی بەردەوام، لە رێگەی پانێڵ و گفتوگۆی تایبەتەوە تاوتوێ کران.
بەپێی لێدوانەکە، لوتکەی سلێمانی دەرفەتێکی گرنگی بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت دابینکرد، بە مەبەستی پەرەپێدانی وەبەرهێنان، بەهێزکردنی کەرتی بانکی و پیشەسازی، پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و دانانی بنەمایەکی پتەو بۆ گەشەی ئابووریی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان.
دۆزینەوەی رێگاکانی گەشەپێدانی ئابووری
یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە، لە لوتکەی سلێمانی گفتوگۆ و باسەکان تەرخان کرابوون بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی گەشەپێدانی ئابووری، رەخساندنی هەلی کاری نوێ و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
یەکێتی هاوردە و ناردنکاران پێیوایە کەرتی تایبەت، بە تایبەتی وەبەرهێنان، بازرگانی، پیشەسازیی و کۆمپانیا و پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان، رۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی هەلی کار و بزوێنەوەی ئابووری هەیە.
رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و هەلی کار
دامەزراوەی تالێنت هەب، لوتکەی سلێمانی کە لەلایەن ڤیژن فاوەندەیشنەوە رێکخرابوو، بە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی خاوەنکاران و وەبەرهێنەران پێناسە کردووە، بە ئامانجی رەخساندنی وەبەرهێنانی زیاتر، بەگەڕخستنی سەرمایە و بوژانەوەی ئابووری.
هەروەها لوتکەکە دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ گۆڕینەوەی بۆچوون و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان دامەزراوەکان، رێکخراوەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنەران، بۆ خزمەتکردن و خستنەڕووی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان.
فرەچەشنکردنی داهات
شلێر شەهید غەفور ژاژڵەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لوتکەی سلێمانی بە دیدارێک بۆ تاوتوێکردنی گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هاندانی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران باسکردووە، بە مەبەستی وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.
ئەوەی خستوەتەڕوو، لوتکەی سلێمانی بایەخی بە پەرەپێدانی کاروبار و خزمەتگوزارییە بانکییەکان و ئەلیکترۆنیکردنی راییکردنی کاروبارە داراییەکانی هاووڵاتییان داوە. ئەم بابەتانە و چەندین تەوەری دارایی تریش، بەو شێوەیە باسکران کە لە داهاتوودا رەنگدانەوەیان لەسەر گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی دەبێت.
بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆ و توانای کێبڕکێ
لە یەکەم پانێڵی لوتکەکەدا، بە ناونیشانی "ستراتیجی بەرەوپێشبردنی بەرهەمی ناوخۆ و توانای کێبڕکێ"، گفتوگۆ لەسەر رێگەچارەکان و پلانی ئایندە کرا.
رۆژنامهنووس پەیوەند عومەر، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوویەتی: بەشداربووانی لوتکەی سلێمانی تیشکیان خستە سەر هەنگاوە سەرەکییەکان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی کوالیتی بەرهەمەکان، بە جۆرێک کە بتوانن لە بازاڕەکاندا توانای کێبڕکێیان هەبێت. باس لە گرنگیی داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی تۆکمە کرا، بۆ رەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمی هاوردەکراو.
گوێگرتن لە بۆچوونی بەشداربووان
گروپی کۆمپانیاکانی دەلۆ، بۆچوون و لێدوانی بەشداربووانی لوتکەکەی بە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان داناوە و ئاماژەی بەوەکردووە، گوێگرتن لە خەڵک یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پڕۆژە و هاوبەشیکردنێکی باشتر بۆ داهاتوو.
کۆمپانیایBig Power پێیوایە ئامادەبوونییان لە لوتکەی سلێمانی، دەرفەتێکی بەنرخ بوو بۆ ئاشنابوون بە گرنگترین گفتوگۆ و بۆچوونە هاوچەرخەکان، لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکاندا.
هاوبەشیی نێوان دامەزراوەکان و کەرتی تایبەت
کۆی ئەم بۆچوون و لێدوانانە، لەگەڵ کاردانەوە بەرچاوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگیی لوتکەی سلێمانی و رێکخستنی ئەم دیدارە گەورەیەیان خستەڕوو. دامەزراوە حکومییەکان، رێکخراوەکان، کۆمپانیاکان، کەسایەتییەکان و خەڵکانی دەستەبژێر، بە گرنگییەوە باسیان لە لوتکەکە و بابەتە ئابوورییەکانیان کردووە.
لوتکەی سلێمانی پانتاییەکی بۆ گفتوگۆ لەسەر وەبەرهێنان، خانووبەرە، بانکداریی، پیشەسازی، بەرهەمی ناوخۆ و گەشەی بەردەوام دابین کرد و هەماهەنگی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتی خستە ناو گفتوگۆکانەوە.
رۆژانی 17 و 18ـی ئەیلوولی 2026، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، بە هاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، ناوەندی دارایی و ئابووری و کۆمپانیای موونلاین، دیداری لوتکەی سلێمانیان رێکخست، جگە لە وتاری سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، حەوت پانێڵ لە ماوەی دوو رۆژدا، لەسەر بانکەکان، پیشەسازی، وەبەرهێنان، خانووبەرە، کارگەکان و بەرهەمی ناوخۆیی و پێکەوەبەستنی ئەو کەرتانە پێکەوە، لەلایەن وەزیران و راوێژکاران، بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق، کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەندەوە، پێشکەشکران.