ڤیژن پرێس

فڕۆکەیەک لە دوبەیەوە دەستی بە گەشتەکەی کرد بۆ تەلئەبیب، گەیشتە ئاسمانی ئوردن، لەناکاو ئاڕاستەی گەشتەکەی گۆڕی بۆ سەر ئاسمانی سعودیە، ئاماژەی هەوڵی رفاندن و باری لەناکاوی نارد، فڕۆکەی جەنگی لە ئیسرائیل بە پەلە گەیشتنە ئاسمان، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای سەربازی و هەواڵگریی کەوتنە سەرهێڵ، دواتر فڕۆکەکە بە ناچاریی لە سعودیە نیشتەوە، ئەمە کورتەی ئەو رووداوەیە کە سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە هەواڵی گەرمی میدیاکان بوو.

هەوڵی رفاندن

هەوڵی رفاندنی فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگی سەر بە هێڵی ئاسمانی فلای دوبەی بە 150 سەرنشینەوە بووە سەردێڕ و هەواڵی بەپەلەی زۆربەی میدیاکانی جیهان، فڕۆکەکە بە گەشتی ژمارە (FZ1073) لە فڕۆکەخانەی دوبەی بەرەو تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل دەستی بە گەشتەکەی کرد.

فڕۆکەکە گەیشتە ئاسمانی ئوردن، لەناکاو ئاڕاستەی گەشتەکەی گۆڕا بۆ ناوچەی تەبووکی سعودیە لە بەرزیی 15000 پێ، راستەوخۆ کۆدی  (Squawking 7500)ـی نارد کە ئاماژەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی رێگەپێنەدراو یان رفاندنی فڕۆکە. پاشان کۆدەکەی گۆڕی بۆ (7700 (Squawkin کە ئاماژەیە بۆ دۆخی لەناکاو و فریاگوزاریی وەک کێشەی تەکنیکی، باری تەندروستی سەرنشین، یان کێشەی ناو کابینەی فڕۆکەوانی.

باری نائاسایی لە ئیسرائیل

دەرکەوتنی کۆد و ئاماژەکان لەسەر گەشتی فڕۆکەکە، باری نائاسایی لە ئیسرائیل و دواتر لە سعودیە راگەیاند، فڕۆکەی جەنگی هەردوو وڵات چوونە ئاسمان بۆ بە هاناوەچوونی فڕۆکە رفێندراوەکە، باری ئاسایشی لەناکاو لە پایتەخت راگەیەندرا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای سەربازیی و هەواڵگری کۆبونەوەی لەناکاویان ئەنجامدا.

لە هەوڵی رفاندنەوە بۆ شەڕی فڕۆکەوانەکان

هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە، سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە هەوڵی رفاندنی فڕۆکەکە کرد، دواتر سەرچاوەکانی ئیسرائیل و بەتایبەتی رادیۆی سوپا بڵاوی کردەوە، رووداوەکە هەوڵی رفاندن نەبووە، بەڵکو بەهۆی شەڕی نێوان فڕۆکەوانەکانەوە بووە و پەیوەندی بە هیچ حاڵەتێکی رفاندن و باری لە ناکاوەوە نەبووە.

نیشتنەوە لە سعودیە

دوا گۆڕینی ئاراستەی گەشتی فڕۆکەکە و نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی تەبووکی سعودیە، کۆمپانیا فلای دوبەری بڵاوی کردەوە، شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان فڕۆکەوانەکاندا لەسەر یەکێک لە گەشتەکانی روویداوە، دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ووردەکاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.

زۆرینەی میدیاکانی ئیسرائیل و لە ناویاندا رادیۆی سوپا، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنووت، رۆژنامەی مەعاریف، کەناڵی 12 و 13، پێگەی واڵا و زۆرینەی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، گومانی سەرەکیی سەر رووداوەکە هەوڵی رفاندنی فڕۆکەکەیە بە 150 سەرنشینەوە کە زۆرینەیان ئیسرائیلیین، دواتر زۆرینەی ئەو سەرچاوانە هەواڵەکەیان راستکردەوە و بڵاویانکردەوە، رووداوەکە پەیوەندی بە شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان فڕۆکەوان و یاریدەدەرەکەی بووە لەناو کابینەی فڕین و پەیوەندی بە هەوڵی رفاندنەوە نەبووە.

گومان لە گۆڕینی ئاراستەی فڕۆکەکە

رۆژنامەی مەعاریف بڵاوی کردەوە، گۆڕینی ئاراستەی فڕۆکەکە بەرەو سعودیە و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانی، راستەوخۆ لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە وا لێکدراوەتەوە کە هەوڵی رفاندن بووە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش هەر بۆ ئەوە چوون.

دوای دڵنیابوونەوە لەوەی فڕۆکەکە نەڕفێنراوە و بەهۆی کێشەی فڕۆکەوانەکانەوە بووە بە مست و بۆکس شەڕیان کردووە، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، فڕۆکەکە لە سعودیە نیشتووەتەوە و ئاسمانی ئیسرائیل بۆ جوڵە و گەشتە ئاسمانییەکان کراوەتەوە.

لێکۆڵینەوەی وورد

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند: هیچ هەوڵێکی رفاندنی فڕۆکەکە بە سەرنشینە ئیسرائلییەکانەوە نەدراوە و دوای نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی تەبووک، لێکۆڵینەوە وورد و زیاتر لە رووداوەکە دەکرێت و ئەنجامەکانی بڵاودەکرێنەوە.

گەشتەکە و کۆدەکانی

زانیارییەکانی پێگەی (Flightradar24) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی فڕۆکە و گەشتە ئاسمانییەکان، لەسەرەتای هەستانی فڕۆکەکە بە گەشتی ژمارە (FZ1073)  فڕۆکەکەی خستە سەر نەخشەی ئاسمانی، فڕۆکە لە جۆری بۆینگ737 ماكس 8 لە فڕۆکەخانەی دوبەی نێودەوڵەتی بە رێکەوتبوو بۆ فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی نێودەوڵەتی لە تەلئەبیب.

دوای گەیشتنی بۆ سەر ئاسمانی ئوردن، ئاڕاستەی گەشتەکە گۆڕدرا بۆ سعودیە و بە دیاریکراوی لە بەرزی 1500 پێ و لەسەر ناوچە تەبووک، دواتر کۆدەکانی رفاندن و باری لەناکاوی پیشاندا پێشئەوەی پەیوەندی بە رادارەکانەوە بپچڕیت، پاشان پەیوەندییەکانی بە رادار و فڕۆکەخانەی تەبووک گرێدرایەوە، بەڵام هێشتا روون نییە، فڕۆکەوانەکان لەسەر چی بووە بە شەڕ و دەمەقاڵەیان، چۆن و بۆچی ئەو کۆدانەیان ناردووە و ئەو بارە لەناکاوەیان راگەیاندووە؟