ڤیژن پرێس
لەسەر دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتەکە لەسەری پێکهێنراوە، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی دەستی لەکارکێشایەوە، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ووردەکاریی دۆسیەی بەڕێوەبەرەکە بۆ ڤیژن پرێس ئاشکرا دەکات. وەزیری داراییش هۆکارەکەی بۆ دەستوەردانی خراپی ئیدارەی سلێمانی لەکاروباری وەزارەتەکەی دەگەڕێنێتەوە.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026 نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەکە راستەوخۆ دۆسیەکەی بەسترایەوە بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، کە ماوەی دوو هەفتەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە.
وەزیری دارایی، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی رووندەکاتەوە
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، رایگەیاند: بە هیچ جۆرێک هۆکاری وازهێنانی پەیوەندیدار نییە بە داکۆکیکردنی ناڕەوا لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری، بەڵکو خودی وەزارەت بە چاودێری و سەرپەرشتیی داواکاری گشتی و بە ئاگاداریی نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دۆسیەکە پێکهێناوە و پێویست بوو چاوەڕوانی دەرئەنجامە یاسایییەکان بکرایە.
وەزیری دارایی ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەوەی لە دادگاییکردنێکی ئاشکرادا لە بەردەرکی سەرای سلێمانی یاخود لە هەر دادگایەکی بێلایەندا راستییەکان بخاتەڕوو، تەواوی دۆسیەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش لە وەزارەت پارێزراون بۆ هەر لایەنێک کە بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێت.
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکەی، ئاوات جەناب نووری دەڵێت: دەستلەکارکێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ تەدەخولی خراپی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، کە گەیشتە ئەو ئاستەی لە رێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردن بە هێزەکانی کۆماندۆ، دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە 29ـی ئەیلوولی 2026 فەرمان بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنوری سلێمانی دراوە هەر فەرمانبەرێک پابەندبێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت. بۆیە لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیەدا ناتوانێت کار بکات و بێدەنگ بێت بەرانبەر چەوساندنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی، هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.
دۆسیەکانی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دەست ڤیژن پرێس کەوتووە، 7 دۆسیە لەسەر ئاسۆ عوسمان قادر بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی شارەزوورەوە کراوەتەوە، دواتر لەلایەن بنکەی پۆلیسی عەربەتەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. بەهۆی ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار لە شاری سلێمانییە، فەرمانی دەستگیرکردنەکە ئاڕاستەی بنکەی پۆلیسی بەختیاری کراوە.
سەبارەت بەو دۆسیەیانەی لەسەر بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی لەسەر دەستگیر کراوە، وەزیری دارایی لە روونکردنەوەکەیدا بەمشێوەیە باسی دۆسیەکانی کردووە:
-دوو دۆسیەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (2009 و 2010) و بەر دەستبەکاربوونی ئەو بەڕێوەبەرە.
-دۆسیەی سێیەم پەیوەستە بە دیاریکردنی کرێی هاوتای زەوییەک بە رووبەری 600 مەتر دووجا.
-دۆسیەی چوارەم لەسەر مامەڵەی هاووڵاتییەکە کە لەلایەن جێگری بەڕێوەبەرەوە پشتگیریی پێدراوە بۆ پۆلیس.
-دۆسیەی پێنجەم تایبەتە بە کێشەیەکی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی میریی و شارەوانیی سلێمانی کە هەردوو لایەن حکومیین و لە ساڵی 2025 دادگا دۆسیەکەی داخستووە.
تۆمەتەکانی سەر ئاسۆ عوسمان
فەرمانی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەسپاکی و رێنماییەكانی بەدەستهێنانی ناڕەوا لە هەرێمی كوردستان دەرچووە.
ماددەی 15 لە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2011 یاسای دەستەی گشتیی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و جوڵاندنی داوای یاسایی لە دۆسیەکانی (بەدەستهێنانی ناڕەوا) و گەندەڵی دارایی.
ئەم ماددەیە لە رووی کارگێڕیی و یاساییەوە بەسەر دوو بڕگەی سەرەکیدا دابەش دەبێت:
بڕگەی یەکەم (ماددەی 15/ یەکەم): تایبەتە بە پابەندکردنی فەرمانبەران یان ئەو کەسانەی یاسای بەدەستهێنانی ناڕەوا دەیانگرێتەوە، کە پێویستە سەرجەم بەڵگەنامە، زانیارییە داراییەکانیان پێشکەش بە فەرمانگەی کاروباری یاسایی و لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەسپاکی بکەن، تاوەکو لە کاتی بوونی گوماندا داوای یاساییان لە دژ بجوڵێندرێت لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند.
بڕگەی دووەم (ماددەی 15/ دووەم): رێکارە یاساییە تایبەتەکان دیاری دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسانەی پەیوەندیدارن بە پلە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی هەبوونی بەڵگە یان دیاریکردنی حاڵەتی بەدەستهێنانی ناڕەوا لەلایەن فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافییەتەوە.
ئەم ماددەیە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکەکانی دەستەکە بۆ بەدواداچوون و رێگرییکردن لە تۆمەتبارانی گەندەڵی و دڵنیابوونەوە لە شەرعییەتی سەروەت و سامانی بەرپرسان و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان.
"فشار لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری کراوە"
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داریی و ئابووری، ووردەکاریی زیاتری بۆ ڤیژن پرێس ئاشکراکرد: هۆکاری درووستکردنی دۆسیەکە و کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گرێبەستێک خراوەتە بەردەستی ئاسۆ عوسمان قادر، بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی و داوای لێکراوە ئیمزای بکات، ئەویش رازی نەبووە بەبێ رەزامەندی و ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی دارایی ئەنجامیبدات.
ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر ئەوە رەتکردنەوەیە ژمارەیەک دۆسیەی بۆ درووستکراوە کە لە هیچیاندا تۆمەتباری سەرەکیی نییە.
بەوتەی سەرچاوە تایبەتەکەی ڤیژن پرێس "پارێزەران و لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی ئاسۆ عوسمانیان بینیووە، دۆسیەکانی پەیوەندی بە بابەتی زەوی و زار و موڵکی دەوڵەتەوە هەیە، چونکە زۆرینەی ئەو موڵک و زەویانەی هەیە موڵکی وەزارەتی دارایین و بە بەکرێدان یان موساتەحە دەدرێتە خەڵک و پەیوەندی راستەوخۆی بە بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی میرییەوە هەیە".
سەرچاوەکە رایگەیاند: بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی دەیانەوێت بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری بگۆڕن، لەکاتێکدا تائێستا تۆمەتبارە و هیچ دۆسیەیەکی بە فەرمی لە دادگا لەسەر ساغ نەبووەتەوە، ناچاری دەکەن دەستلەکاربکێشێتەوە و کەسێکی دیکە بخەنە شوێنی.
ووتیشی: "دوو هەفتەیە ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەستگیرکراوە، هێشتا نەبراوەتە بەردەم دادگا و دۆسیەکەی رێچکەی یاسایی وەرنەگرتووە، دەیانەوێت بەوە فشاری لێبکەن بۆ دەستلەکارکێشانەوە و دەستبەرداربوونی پۆستەکەی."
دەستەی دەسپاکی: حەوت دۆسیە لەسەر بەڕێوەبەرەکە کراوەتەوە
د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی ئاسۆ عوسمان، بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی بە ڤیژن پرێسی راگەیاند: ئەو بەڕێوەبەرە لە دادگای لێکۆڵینەوەی شارەزوور ژمارەیەک سکأڵای یاسایی لەسەر بووە، دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و ئامادەکردنی دۆسیەکەی رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەسپاکی کراوە، بەهۆی ئەوەی تۆمەت و سکاڵاکانی پەیوەستبوون بە زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.
ووتیشی :"کۆی گشتی حەوت دۆسیەی بۆ کراوەتەوە، پەیوەستن بە بەکرێدانی موڵکی گشتی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان، زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، دیاریکردنی رووبەری موڵکی گشتی بۆ بەکرێدان و مامەڵەکردن پێوەی".
ئاماژەی بەوەکرد، دوای ووردبینیکردنی سەرجەم دۆسیەکان، راپۆرتی کۆتایی دەدرێتە دادوەری لێکۆڵینەوەی دەسپاکی بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکانی تەواو بکرێت.
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی رایگەیاند: بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و دواتر دادوەر بڕیار دەدات کە بە کەفالەت ئازاد بکرێت یان؟.
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەڕێوەبەرەکە
بەپێی ئەو نوسراوانەی لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری دەرچوون و وێنەیان لای ڤیژن پرێسە؛ رۆژی 23ـی ئەیلوولی2026 لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە نوێنەرانی سێ بەڕێوەبەرایەتی سەر بە وەزارەتی دارایی لەسەر ئاسۆ عوسمان قادر پێکهێنراوە، دواتر لە رۆژی 29ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی دووبارە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی چوار کەسی لە نوێنەری سێ فەرمانگە بە بەشداریی نوێنەری داواکاری گشتی لەسەر هەمان بەڕێوەبەر پێکهێناوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی.
بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی میری سلێمانی سەر بە وەزارەتی داراییە و ئەرکی سەرەکی بریتییە لە بەڕێوەبردن، بەکرێدان، فرۆشتن و تەرخانکردنی ئەو زەوی و موڵکانەی کە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و بەتایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
وەزارەتی دارایی: هەڕەشە لە فەرمانبەرانی وەزارەت دەکرێت
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە سنووری پارێزگای سلێمانی فشارێکی زۆر لە ستافی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکرێت و رێگری لە کارەکانی وەزارەتەکە دەکرێت. بەهۆی ئەو فشارانە وەزیری دارایی دەستی لە کارکێشاوەتەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئەو رێگریی و فشارانەی کە دەکرێتە سەر ستافی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پارێزگای سلێمانی.
ئاماژەی بەوەکرد: یەکێک لەو دۆسیانەی کە بووەتە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی؛ داواکاری بەرپرسانی پارێزگای سلێمانییە بۆ سزادان یان دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری پێش دەرچوونی بڕیاری دادگا و یەکلایی بوونەوەی دۆسیەکەی، بەڵام وەزیر سوورە لەسەر ئەوەی بەبێ لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونەوە لە سەرپێچی یان پێشێلکردنی یاسا، بڕیاری دوورخستنەوەی نادات. چونکە پێیوایە دەستوەردان لە کاروباری وەزارەتی دارایی لە سلێمانی هەیە و لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەتەکە رێکار گیراوەتەبەر.
نامەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی
لە سەرووبەندی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە و ناکۆکییەکانی وەزارەتی دارایی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی لەسەر دۆسیەی ئاسۆ عوسمان، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ئەو فشار و رێگرییانەی لەسەر ستافی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پارێزگای سلێمانی هەیە.
ئاوات جەناب نووری، رۆژی 10ـی تەممووزی 2019 وەک وەزیری دارایی و ئابووریی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان دەستبەکاربووە.