ڤیژن پرێس
کاتژمێر 7:05 خولەکی سەر لەبەیانی 30ـی ئەیلوول 2026، بە کاتی دوبەی، گەشتی ئاسمانیی ژمارە(Fly Dubai FZ1073) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی دەستیپێکرد بەرەو فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەبیب.
فڕۆکەکە لە جۆری (Boeing 737 MAX 8) بوو، 174 سەرنشینی هەڵگرتبوو؛ زۆربەی سەرنشینەکان ئیسرائیلی بوون. لە سەرەتای فڕینەکەدا هیچ نیشانەیەکی ئاشکرا نەبوو کە گەشتەکە بەرەو یەکێک لە ترسناکترین رووداوەکانی ئەو رۆژە دەچێت.
بەپێی داتای ناوەندی(Flightradar24)، فڕۆکەکە تا نزیکەی 34 هەزار پێ بەرزبووەتەوە، بەڵام لە کاتژمێر 9:21 خولەکی بەیانی بە کاتیدوبەی، داتاكان نیشانی دەدەن کە فڕۆکەکە بە شێوەیەکی زۆر لەناکاو دەستی بە دابەزین کرد؛ لە ماوەی نزیکەی 30چرکەدا زیاتر لە 14 هەزار پێ دابەزی.
ئەم دابەزینە ئاسایی نەبوو. فڕۆکەکە دواتر کەمێک بەرزبووە و جارێکی تر دابەزییەوە، تاوەکو بەرزییەکەی گەیشتە نزیکەی15 هەزار پێ واتە 4.6 کیلۆمەتر بەرزی لە رووی زەوییەوە، داتای فڕینەکە لە هەمان کاتدا گۆڕانکارییە خێرا و نائاساییەکانی بەرزی و ئاڕاستەی فڕین نیشان دەدات، ئەمە یەکەم نیشانە بوو کە رووداوێکی گەورە لە ناو فڕۆکەکە روویداوە.
کۆدی 7700
کاتژمێر 9:28 خولەک فڕۆکەکە کۆدی7700 ـی نارد، کە لە سیستمی فرۆکەوانیدا یان گەشتی ئاسمانیدا کۆدیGeneral Emergency ـە؛ واتە کێشەیەکی گەورە هەیە و فڕۆکەکە پێویستی بە یارمەتی هەیە.
دواتر لە کاتژمێر 9:35 خولەک کۆدەکە گۆڕدرا بۆ 7500؛ کە کۆدێکە بۆ (دەستێوەردانی نایاسایی) و بارودۆخی فڕاندنی فڕۆکە بەکاردێت، ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە ئیسرائیل گومان بکەن فڕۆکەکە رفێندرابێت یان کەسێک دەستی بەسەردا گرتبێت و کۆنتڕۆڵی کردبێت.
ئیسرائیل فڕۆکە جەنگییەکانی هەڵفڕاند
کاتێک کۆدی 7500 دەرچوو، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلکەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە گەیشتنە ئاسمان، بۆ ئەوەی بزانن لەسەر فڕۆکەکە چی روویداوە و ئەگەر رفاندنێک روویدابێت، ئامادەی مامەڵەکردن بن لەگەڵیدا.
هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل کۆبوونەوەی تایبەتیان کرد لەسەر روداوەکە؛ چونکە لەو کاتەدا ئیسرائیل هێشتا نایزانی کێشەکە لە ناو فڕۆکەکەیە یان هێرشێکی دەرەکییە.
لە ژووری لێخوڕین چی روویدا؟
لەو کاتەدا فڕۆکەکە بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزییەکەی کەم دەبووەوە، بەپێی وتەی سەرنشینان و روونکردنەوەی دواتری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ململانێیەکی توند لە نێوان دوو فڕۆکەوانەکە لە ژووری لێخوڕین دەستی پێکردبوو، فرۆکەوانێک کە خەڵکی عومانە بە چەقۆ یان (تەور کە بۆ حاڵەتی فریاگوزاریی لەناو کابینەی کۆنترۆڵی فڕۆکەکە دانراوە) هێرشی کردووەتە سەر کاپتن سمیت ماچەهار Smit Machchhar، کە فڕۆکەوانی سەرەکیی فڕۆکەکە بوو.
ماچەهار فڕۆکەوانێکی هندییە و لە هێرشەکەدا بە توندی بریندار بووە، بەڵام بە وتەی سەرنشینان، توانای ئەوەی هەبووە دەرگای ژووری لێخوڕین بکاتەوە و ئەمە دواتر خاڵی وەرچەرخان بوو و فڕۆکەکەی لە لێواری کارەساتێکی گەورە گەڕاندەوە.
سەرنشینەکان چۆن تێگەیشتن کە دۆخەکەکە ترسناکە؟
یانێڤ هایون، یەکێک لە سەرنشینەکان، دواتر بۆ نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی گێڕایەوە کە سەرنشینێکی ژن هاواری کردووە کە دەنگە دەنگ و هاوارکردن لە بەشی پێشەوەی فرۆکەکە هەیە، دواتر فڕۆکەکە بە خێرایی بە ئاڕاستەی خوارەوە دابەزیووە.
لە کاتێکدا فرۆکەکە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بوو، هایون و کەسێکی تر هەوڵیاندا دەرگای ژووری لێخوڕین بکەنەوە، لە سەرەتادا نەیانتوانی، دواتر کاپتنسمیت ماچەهاری بریندار، دەرگاکەی کردووەتەوە، ئەمە رێگەی داوە بە سەرنشینەکان بچنە ناو ژووری لێخوڕین.
ئەو ساتەی فڕۆکەکە لەدەستچوو
یانێڤ هایون دەڵێت: کاتێک چوونەتە ناو ژووری لێخوڕین، کاپتەنە بریندارەکە لەنێوان دوو کورسیی فرۆکەوانەکان بە برینداری لەسەر کۆنتڕۆڵەکان بووە.
هایون زیاتر دەڵێت: فرۆکەوانە هێرشبەرەکە دەستی بەسەر کۆنترۆڵی فڕۆکەکەدا گرتبوو، بەڵام دەستگیریانکردووە و لە کۆنترۆڵی ژوری لێخوڕینی فرۆکەکە دووریان خستووەتەوە.
دەشڵێت: دواتر خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ژووری لێخوڕین، چونکە فڕۆکەکە هێشتا بە خێرایی رووەو زەوی دەڕۆیشت، خۆی کۆنتڕۆڵی فرۆکەکە دەگرێتە دەست و دابەزینە نائاساییەکەی هێواش دەکاتەوە، کاتێک نەتانیاهۆ لێی پرسی چۆن زانیویەتە کۆنترۆڵەکان چۆن بەکاربهێنیت، هایون بە گاڵتەوە وەڵامی دایەوە وتی:
بەرنامەکانی لێکۆڵینەوەی کارەساتەکانی فڕۆکەم "Air Crash Investigation" بینیوە.
دوو فرۆکەوانی تر لەناو سەرنشینەکاندا بوون
لە ناو سەرنشینانی فڕۆکەکەدا دوو فرۆکەوانیدیکەی فلای دوبەی هەبوون کە لە کاتی کارکردندا نەبوون و سەرنشین بوون لە گەشتەکەدا، ئەوان چوونەتە ژووری لێخوڕین و کۆنترۆڵی فڕۆکەکەیان گرتووەتە دەست و دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە، دواتر فرۆکەوانە یەدەگەکان کۆنترۆڵی فڕۆکەکەیان وەرگرتووە.
ئاڕاستەی گەشتەکە بەرەو سعودیە
فڕۆکەکەی فلای دوبەی لەبری ئەوەی بەردەوام بێت لە گەشتەکەی بەرەو فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن، ئاراستەی خۆی بەرەو فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعودیە گۆڕیووە و داوای رێگەپێدانی نیشتنەوەی کردووە.
کاتژمێر 8:44 خولەکی بەیانی بە کاتی سعودیە، بورجی کۆنترۆڵ لە فرۆکەخانەی تەبووکپەیوەندییەکی فریاکەوتنی لە فڕۆکەکە وەرگرت و داوایکرد کە بۆ نیشتنەوەی فریاکەوتن ئامادەبن.
لە نزیکبوونەوەی فڕۆکەکە بۆ تەبووک، کۆدی 7500 جارێکی تر بووەوە بە 7700 واتە دۆخی فریاکەوتن بەردەوامە. نزیکەی یەک کاتژمێر دواتر، 9:45 خولەکی بەیانی، فڕۆکەی گەشتیFZ1073 بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شازادە سوڵتان بن عەبدولعەزیز لە تەبووک نیشتەوە.
هەردوو فرۆکەوانەکە بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و چارەسەری پێویستییان بۆکرا. فرۆکەوانە گومانلێکراوەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودییەوە دەستگیر کرا.
سەرنشینەکان چۆن گەڕانەوە؟
دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە تەبووک، سەرنشینەکان ماوەیەک لە فڕۆکەخانەکە مانەوە؛ دواتر فڕۆکەی جێگرەوە بۆ گواستنەوەیان ئامادەکرا و سەرنشینەکان گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.
لە هەمان رۆژدا، کۆمپانیای فلای دوبەی رایگەیاند: سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل بە شێوەی کاتی رادەگرێت تا لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێدێت، لە لایەکی دیکەوە ئیمارات گەشتەکانی فلای دوبەی بۆ تەلئەبیب بە شێوەی کاتی راگرت.
رۆڵی موساد لە رووداوەکەدا
لە ماوەی روداوەکەدا دەزگای موساد لەگەڵ لایەنە سعودییەکان پەیوەندی و هەماهەنگی هەبووە، هۆکارەکەش روونە: سەرنشینە ئیسرائیلییەکان لە سعودیە راگیرابوون، سعودیە و ئیسرائیل پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمییان نییە؛ بۆیە ئەگەر پەیوەندییەکی ئاسایشی و هەواڵگریی هەبووبێت، بەشێوەیی نهێنی کراوە.
نەتانیاهۆ بۆچی زۆر خێرا باسی لە (هێرشی تیرۆریستی) کرد؟
نەتانیاهۆ دوای رووداوەکە رایگەیاند: فرۆکەوانەکە بە چەقۆ هێرشیکردووەتە سەر کاپتنی سەرەکی فڕۆکەکە و هەوڵەکانی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بووە.
نەتانیاهو باس لەوەکرد، ئەگەر سەرنشینەکان و فڕۆکەوانە یەدەگەکان هاوکار و رۆڵی کاریگەرییان نەبووایە، کارەساتێکی گەورە دەکەوتەوە، بەڵامفلای دوبەی خۆی داوایکرد تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان، گومانەکان وەک راستیی کۆتایی بڵاونەکەنەوە.
فرۆکەوانە هێرشبەرەکە عومانی بوو؟
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، فرۆکەوانە گومانلێکراوەکە هاووڵاتیی شانشینی عومانە.
ناوی تەواوی ئەو کەسە بە شێوەی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە و هێشتا زانیارییەکان لەسەر شێوازی کارکردنی، هۆکاری هێرشەکە و ئەوەی ئایا بە تەنیا کاری کردووە یان پەیوەندی بە گرووپێکەوە هەیە، لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
دوای رووداوەکە، ئیسرائیل تیمی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی بۆ درووستکردووە و بابەتەکە تەنها وەک کێشەیەکی ناو فڕۆکە نەماوەتەوە.بنیامین نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردوە، پشکنینی ئاسایشی فرۆکەوانەکانی ئەو فڕۆکانەی گەشت بەرەو ئیسرائیل دەکەن زیاد دەکرێت.
ەنیا رووداوێک بوو؟
دوای رووداوەکە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندی بە محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتەوە کرد. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاریی ئاسایشی و پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات گفتوگۆیان کرد.
سعودیە؛ هاوبەشێک بەبێ پەیوەندی دیپلۆماسی
سعودیە کە پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵام فڕۆکەکەی بە سەلامەتی وەرگرت، سەرنشینەکان پاراست و هەردوو فرۆکەوانەکەی گواستەوە بۆ نەخۆشخانە.
هاوکات، سعودیە داواکاریی ئیسرائیلی بۆ ناردنی فڕۆکەی سەربازیی بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان رەتکردووەتەوە و لەبری ئەوە رێگەیداوە فڕۆکەی جێگرەوەی فلای دوبەیسەرنشینەکان بە سەلامەتی بگەڕێنێتەوە بۆ ئیسرائیل.