ڤیژن پرێس

پشووی وەرزی هاوینی ئەمساڵ، یارییەکی چینی کە بە کولێرەی کۆنی چینی ناسراوە، منداڵانی هەرێمی کوردستانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو، سەرەڕای هۆشدارییەکان لە مەترسییەکانی یارییەکە لەسەر تەندروستی منداڵان، بەڵام رێژەیەکی زۆری لێ هاوردەکراوە و یەکێک بووە لە یارییە پڕۆفرشەکانی بازاڕ.

ترێندی دەمبڵینگ

یاریی کایەی کولێرە ناسراو بە دەمپڵینگ، یارێکی تریندی منداڵانە و بە ئینگلیزی پێیدەوترێت (dimpl) یان (simpl) جۆرێکە لە یارییەکانی پۆپ ئیت، کۆکەرەوەی کەرەستە نەرمەکان لە شێوەی خۆراکی دەمپڵینگدا، کە خۆراکێکی بەناوبانگی چینییە. 

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی زۆرێک لەو کاڵا و کەلوپەلانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبنە ترێند، ئەمساڵ ئەم یارییە نوێیەی چین بازاڕەکانی هەرێمی گرتەوە؛ یارییەک شێوەکەی لە خواردنی کولتووریی چینی دەمپڵینگ وەرگیراوە و بە شێوەیەکی نەرم و گوشراو بۆ دەستی منداڵان دروستکراوە.

خاوەندارێتی یارییەکە

خاوەندارێتی ئەم یارییە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایی ئاڕ ئێم ئێسی نێودەوڵەتیی ئەمریکیی و لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان دەفرۆشرێت.  

پێکهاتەی یارییەکە

یاری دەمپڵینگ پێکهاتووە لە تەختەیەکی پلاستیکی بچووک، کە چەند دوگمەیەکی سیلیکۆنی نەرمی پێوەیە، منداڵان پەستانی دەخەنە سەر و دەنگێک کە پێ دەوترێت "پۆپ" دەردەکات. 

ئەم یارییە کێشێکی کەمی هەیە و کێشەکەی تەنها 136 گرامە، ئەمەش وادەکات منداڵ ماندوو نەبێت لە کاتی یاریکردنی درێژخایەندا.

فرۆشتنی لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

یارییەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بووەتە ترێندێکی جیهانی و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە ئاسانی دەستدەکەوێت.

رەوەند جەزا خاوەن پێشناگای رەوەند بۆ فرۆشتنی یاریی منداڵان لە سلێمانی، بە ڤیژن پرێسی راگەیاند؛ ئەم جۆرە یارییانە وەک دیاردەیەکی کاتی وەرزیی سەیر دەکرێن، هاوشێوەی ترێندەکانی دیکەی وەک "لابوبو" لە سەرەتادا بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێن و پاش تێرکردنی بازاڕ، نرخەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

وەرزی یارییەکە

زۆرترین خواست و فرۆش لەسەر یارییەکە لە وەرزی پشووی خوێندندا بووە، بە دیاریکراوی لە مانگەکانی ئایاری، حوزەیران و تەمموز.

نرخی یارییەکە 

خاوەنی پێشانگای رەوەند ئەوەی بۆ ڤیژن پرێس ئاشکرا کرد؛ سەرەتای هاوردەکردنی یارییەکە، نرخی هەر دانەیەکی لەنێوان 6 هەزار بۆ 10 هەزار دینار بوو بەپێی فرۆشتنی تاک و کۆ. بەڵام دواتر لەگەڵ زۆربوونی بری هاوردەکراو و زیادبوونی کێبڕکێ لە بازاڕدا، نرخەکەی شکاوە و دابەزیوە لەنێوان هەزار و 500 بۆ 3 هەزار دینارە بۆ هەر دانەیەک.

ئەو شوێنانەی یارییەکەی لێ هاوردە دەکرێت

یاری دەمپڵینگ لە وڵاتانی درواسێی وەک تورکیا، ئێران و چین هاوردە دەکرێت و لەرێگەی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و پاشماخ دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

مەترسییە تەندروستییەکان

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر زیان و مەترسییەکانی یارییەکە بڵاو بوونەتەوە، رەوەند جەزا ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا هیچ حاڵەتێکی زیانبەخش یان نەخوازراو لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە. 

لە هەمان کاتدا هۆشداریی دەدرێتە خێزانەکان، پابەندی رێنماییەکان بن، چونکە یارییەکە لە ماددەی کیمیایی سەرەتایی پێکهاتووە و بە هیچ شێوەیەک بۆ خواردن نابێت، بەڵکو تەنها یارییەکی دەستییە و مەترسی هەیە منداڵان بیخۆن یان لە کاتی یاریکردن بچێتە قوڕگیانەوە. 

کاریگەری یارییەکە لەسەر منداڵان 

ئەم یارییە تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو لەلایەن پسپۆڕانی پەروەردەوە وەک یارییەکی فێرکاریی و چارەسەری سەیر دەکرێت، بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، زیادکردنی تەرکیز و بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەستی منداڵان خراوەتە نێو بازاڕەوە. 

تایبەتمەندی یارییەکە

یارییەکە پێویستی بە هیچ پاترییەک یان بارگاویی کردنەوەی نییە، دەنگەکەی زۆر نەرمە و نابێتە هۆی بێزارکردنی دەوروبەر، بۆیە دەکرێت لەناو ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، یان شوێنی چاوەڕوانی بەکاربهێنرێت.

بڕی فرۆشتن و نرخەکەی لە جیهان

بەپێی زانیارییەکانی سایتی ئێرس باوەند براند، ئەمساڵ زیاتر لە 40 ملیۆن پارچەی یاری دەمپڵینگ لەسەرانسەری جیهان فرۆشراوە.

بەپێی ئامارەکانی سەکۆی OEC World ، عێراق ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 313 ملیۆن دۆلار یاریی جۆاروجۆر هاوردە دەکات، کە پشکی شێر (نزیکەی 290 ملیۆن دۆلار) لە وڵاتی چینەوە دێت،  زۆربەی ئەم یارییانەش لە رێگەی بازرگانانی کوردستان و دەروازەکانی هەرێمەوە دێنە ناوەوە.

ڤیژن پرێس، پەیوەندی بە چەندین سەرچاوە و لایەنی پەیوەندیدارەوە کرد بۆ دەستکەوتنی ئامار و ژمارە لەسەر قەبارەی هاوردەکراوی یاری دەمپڵێنگ و بەهای تێچووەکەی، بەهۆی ئەوەی لە سەرچاوەی جیاوازەوە هاوردە دەکرێت، زانیاریی ووردی دەستنەکەوت، تەنها ئەوەندە نەبێت لە سێ مانگی پشووی هاوینی قوتابخانەکاندا زۆترین یاریی لەو جۆرە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.